میرانی: بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانداین، بەڵام بە لێكتێگەیشتنێكی هەمەلایەنە

 	 میرانی: بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانداین، بەڵام بە لێكتێگەیشتنێكی هەمەلایەنە
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی ڕایگەیاند کە ئێمەی پارتی قوتابخانەیەكی تایبەتمەندی خۆمان هەیە لە ڕەفتار و هەڵسوكەوت و پشتگیری مەکتەبی سیاسی پارتیشی بۆ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دووپات کردەوە. راشیگەیاند کە ئێمە وەك پارتی بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانداین بەڵام بە لێكتێگەیشتنێكی هەمەلایەنە.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كرد بە مەبەستی ڕاوێژكردن و لە تێڕوانین و پێشنیارو بۆچوون یان لەمەڕ هەندێ پرسی هەنووكەیی كوردستان و عێراق و ناوچەكە.

لە دانیشتنێكدا كە مەحموود محەمەد و عێزەدین بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی، هەروەها تەها بەرواری نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون، وێڕای بەخێرهێنانیان فازڵ میرانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەم جۆرە سەردانانە و باسی ڕۆڵی گرنگی پەرلەمانی كوردستانی كرد كە چۆن لە خولەكانی پێشوودا بێلایەنیی خۆی دەپاراست و هەوڵی داوە كێشەكان بە لێكتێگەیشتن و توافق چارەسەر بكرێن.

هەروەها سكرتێری مەكتەبی سیاسی ستایشی ڕۆڵی فراكسیۆنی پارتی كرد و ڕۆڵیانی بەرز نرخاند لە هەست بە بەرپرسیارەتی مێژوویییان و پێگیری كردنیان لە ڕاپەڕاندنی كار و ئەركەكانیان و تەئكیدی كردەوە كە ئێمەی پارتی قوتابخانەیەكی تایبەتمەندی خۆمان هەیە لە ڕەفتار و هەڵسوكەوت و، مەكتەبی سیاسی ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و پشتیوانیئەك دەربڕی بۆ فراكسیۆنی پارتی.

دوایی فازڵ میرانی ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەنابی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتی لە بەرگری لە خەڵك و خاكی كوردستان و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و ئەمنی و سەقامگیری ناوچەكە كە ئێستا ئامادەكاری دەكرێ بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ.

پاشان سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بەوە دا كە ئێمە وەك پارتی بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانداین بەڵام بە لێكتێگەیشتنێكی هەمەلایەنە و هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن بۆ گەیاندن بەو ئامانجە سەبارەت بە كێشە و قەیرانی ئابووری لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ هەموو كێشەكان و خۆشكردنەوەی گوزەرانی خەڵكی كوردستان.
هەموو لایەنەكان سەرەڕای ڕا و دیدی جیاوازیان بەڵام دەبێت سەرئەنجام هەموومان هەڵوێستەكان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان یەك بخەین و، دیالۆگ تاكە ڕێگا بێت بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكان و، پێویستە لە كەشوهەوایەكی دوور لە گرژی و یەكترتۆمەتباركردن و هەڕەشە بەڕێوە بچێت.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان سپاسی مەكتەبی سیاسیان كرد بۆ ئەم دیدارە و تەئكیدیان كردەوە لە سۆنگەی بەرپرسیارەتییەوە بەردەوام دەبن لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان بۆ باشتركردنەوەی باری خۆشگوزەرانیان.
لە كۆتاییدا گفتوگۆ كرا لە بارەی دوایین پێشهات و گۆرانكاریەكانی عێراق و ناوچەكە كە ڕۆڵی كورد لەم هاوكێشەیەدا ڕۆڵێكی گرنگە هەروەها تیشكی خستە سەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و كێشەكان و بە پێویستی زانی هەماهەنگی و تەبایی و بوونی یەك گوتاری سیاسی هاوبەشی سەرجەم حزب و لایەنەكان هەبێت و بە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لە قەڵەمی دا.
PDK-
Top