میرانی: بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانداین، بەڵام بە لێكتێگەیشتنێكی هەمەلایەنە
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كرد بە مەبەستی ڕاوێژكردن و لە تێڕوانین و پێشنیارو بۆچوون یان لەمەڕ هەندێ پرسی هەنووكەیی كوردستان و عێراق و ناوچەكە.
لە دانیشتنێكدا كە مەحموود محەمەد و عێزەدین بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی، هەروەها تەها بەرواری نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون، وێڕای بەخێرهێنانیان فازڵ میرانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەم جۆرە سەردانانە و باسی ڕۆڵی گرنگی پەرلەمانی كوردستانی كرد كە چۆن لە خولەكانی پێشوودا بێلایەنیی خۆی دەپاراست و هەوڵی داوە كێشەكان بە لێكتێگەیشتن و توافق چارەسەر بكرێن.
هەروەها سكرتێری مەكتەبی سیاسی ستایشی ڕۆڵی فراكسیۆنی پارتی كرد و ڕۆڵیانی بەرز نرخاند لە هەست بە بەرپرسیارەتی مێژوویییان و پێگیری كردنیان لە ڕاپەڕاندنی كار و ئەركەكانیان و تەئكیدی كردەوە كە ئێمەی پارتی قوتابخانەیەكی تایبەتمەندی خۆمان هەیە لە ڕەفتار و هەڵسوكەوت و، مەكتەبی سیاسی ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و پشتیوانیئەك دەربڕی بۆ فراكسیۆنی پارتی.
دوایی فازڵ میرانی ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەنابی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتی لە بەرگری لە خەڵك و خاكی كوردستان و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و ئەمنی و سەقامگیری ناوچەكە كە ئێستا ئامادەكاری دەكرێ بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ.
پاشان سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بەوە دا كە ئێمە وەك پارتی بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانداین بەڵام بە لێكتێگەیشتنێكی هەمەلایەنە و هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن بۆ گەیاندن بەو ئامانجە سەبارەت بە كێشە و قەیرانی ئابووری لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ هەموو كێشەكان و خۆشكردنەوەی گوزەرانی خەڵكی كوردستان.
هەموو لایەنەكان سەرەڕای ڕا و دیدی جیاوازیان بەڵام دەبێت سەرئەنجام هەموومان هەڵوێستەكان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان یەك بخەین و، دیالۆگ تاكە ڕێگا بێت بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكان و، پێویستە لە كەشوهەوایەكی دوور لە گرژی و یەكترتۆمەتباركردن و هەڕەشە بەڕێوە بچێت.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان سپاسی مەكتەبی سیاسیان كرد بۆ ئەم دیدارە و تەئكیدیان كردەوە لە سۆنگەی بەرپرسیارەتییەوە بەردەوام دەبن لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان بۆ باشتركردنەوەی باری خۆشگوزەرانیان.
لە كۆتاییدا گفتوگۆ كرا لە بارەی دوایین پێشهات و گۆرانكاریەكانی عێراق و ناوچەكە كە ڕۆڵی كورد لەم هاوكێشەیەدا ڕۆڵێكی گرنگە هەروەها تیشكی خستە سەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و كێشەكان و بە پێویستی زانی هەماهەنگی و تەبایی و بوونی یەك گوتاری سیاسی هاوبەشی سەرجەم حزب و لایەنەكان هەبێت و بە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لە قەڵەمی دا.
PDK-
