هۆتلاین پرسی ناسنامەی كچە دوو ساڵانەكەی كەمپی دۆمیزی تاووتوێكرد

هۆتلاین پرسی ناسنامەی كچە دوو ساڵانەكەی كەمپی دۆمیزی تاووتوێكرد
مەها منداڵێکی تەمەن 2 ساڵانی رۆژئاوای کوردستانە و ئێستا لە کەمپی دۆمیز دەژی. مەها بەهۆی ئەوەی دایک و باوکی جیابوونەتەوە، هیچ ناسنامەیەکی نییە و لە هەموو هاوکارییەکیش کە بۆ ئاوارەکان دێت بێبەش دەکرێت.

ئەو منداڵە لەلایەن داپیرەیەوە بەخێودەکرێت و نە ئیدارەی رۆژئاوا و نە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادە نین ناسنامەی پێبدەن، چونکە داوای ئامادەبوونی دایک و باوکی دەکرێت و ئەوانیش دیار نییە لە کوێن.

ئەو دۆسیەیە بووە مژاری ئەمڕۆی بەرنامەی هۆتلاینی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو و هەریەک لە سەمیرە حاجی، داپیرەی مەها، سالم سەعید، بەرپرسی راگەیاندنی بۆردی کاروباری مرۆیی لە دهۆک و شێرزاد محەممەد سلێمان، راوێژکاری یاسایی رێکخراوی هاریکاری بەشداری مژارەکەی هۆتلاین بوون .

سالم سەعید، بەرپرسی راگەیاندنی بۆردی کاروباری مرۆیی لە دهۆک رایگەیاند "مەها کچێکی تەمەن ساڵێک و دوو مانگە، لەلای ئێمە لە فۆڕمی ئاوارەکاندا بە ناوی (مەها فەرهاد عەبۆ)ی باوکی تۆمارکردووە، چونکە کاتی خۆی کە فەرهاد عەبۆ ژنی هێناوە بە ناوی دیلان تەمەنی یاساییان نەبووە بۆیە لە دادگا تۆمارنەکراوە و دواتر لە یەکدی جوودابوونەتەوە، بۆیە مەها بێ ناسنامە ماوەتەوە و دایک و باوکی مەها لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و ئەو منداڵە بووەتە قوربانی دایک و باوکی".

بەرپرسی راگەیاندنی بۆردی کاروباری مرۆیی لە دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە هەماهەنگی باشمان هەیە لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە حاڵەتی ئەوەی کە منداڵێک یان دۆسیەیەکی وەک مەها هەبێت، حاڵەتەکەیان رەوانەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ رێکارێکی یاسایی نەنراوە لەلایەن کەسوکارەکەی بۆ ئەوەی کێشەکەی چارەسەربکرێت".

لەبەرامبەردا، شێرزاد محەممەد سلێمان، راوێژکاری یاسایی رێکخراوی هاریکاری کە بەشداربووی هۆتلاین بوو، لەبارەی حاڵەتی مەها گوتی "ئێمە وەک رێکخراوی هاریکاری لە رووی یاساییەوە کارەکانی خۆمان دەکەین و رێکخراوەکەمان پارێزەری تایبەت بەخۆی هەیە بۆ ئەوەی کێشەکان بە یاسایی چارەسەر بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی مەها بۆ ئێمە نەهاتووە بۆیە دەبوو داپیر و باپیری مەها بێن بە نووسراوێک داوا بکەن بۆ ئەوەی کێشەکەیان باس بکەن بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری بۆ بدزۆینەوە".

شێرزاد محەممەد دەشڵێت "کێشەکە ئەوەیە کە دایک و باوکی مەها لە دادگا پرۆسەی هاوسەرگیریان تۆمارنەکراوە، چونکە تەمەنیان لە خوار تەمەنی یاسایی بووە کە هاوسەرگیریان کردووە و دواتر چوونەتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و منداڵەکە بووەتە قوربانی.

سەمیرە حاجی، داپیرەی مەها کە لەبەرنامەکەدا بەشداربوو رایگەیاند "مەها کچی کوڕمە و ئێستا لەلای ئێمەیە و هیچ ناسنامەیەکی نییە بەهۆی هاسەرگیری دایکی و باوکی، بۆیە نەبوونی ناسنامە بۆ مەها کێشەی یاسایی گەورەی بۆ دروستکردووین".

داپیرەی مەها دەشڵێت "ئیستا دایک و باوکی لەیەک جیابوونەتەوە و چوونەتە دەرەوەی وڵات، سەردانی چەندین شوێنمان کردووە بۆ ئەوەی ناسنامە بۆ مەها دەربکەین، بەڵام کەس ناتوانێت ئەو کێشەمان بۆ چارەسەر بکات".
RUDAW -
Top