سهرۆك بارزانی هۆشداری دهدات: پێشمهرگه پێشمهرگهی كوردستانن و نابێ لایهنهكان و میدیاكانیان موزایهداتی حزبی بخهنه ڕیزهكانیانهوه
دەقی پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ جەماوەری كوردستان:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگە بە قارەمانێتیی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند. ئێستا شەڕی دژی تیرۆریستان لە قۆناغێكی یەكلاییكەرەوەدایە و، هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراقی بەشداریی شەڕی ئازادكردنی مووسڵ دەبێت.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا پێشمەرگە یەكڕیز و یەكدەنگ، بەبێ جیاوازیی حزبی و ناوچەیی بەشدار دەبێت و ئەرك و كاری سەربازیی هەموو لایەك دیاری كراوە. هەموو پێشمەرگەیەك كوڕ و برا و ئازیزی منن و كەسوكار و برا و پشت و پەنای یەكترن. داوا لە هەموو لایەنەكان و بەرپرسان و ڕاگەیاندنەكان دەكەم جیاوازی و موزایەداتی حزبی نەخەنە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگەوە، پێشمەرگە، پێشمەرگەی هەموو كوردستانە و سەركەوتنی پێشمەرگە سەركەوتنی هەموو كوردستانییەكە.
لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵدا هەر كەس یان بەرپرسێكی سەربازی، سەر بە هەر لایەنێك بێ، ئەگەر دوور لە گیانی نیشتیمانی و پێشمەرگایەتی بێت و حزبیانە بجووڵێتەوە، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە ئیجرائاتی لەگەڵدا بكات و لە بەرەكانی شەڕ دووری بخاتەوە. كەناڵ و دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش سەر بە هەر لایەنێك بن ئەگەر لە پۆششدانی هەواڵی شەڕەكان لەبری خزمەتكردنی كوردستان و پێشمەرگە بكەونە موزایەداتی حزبییەوە، ئەوا لە بەرەكانی شەڕ دوور دەخرێنەوە و ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە.
لە خودای مەزن داواكارم كە پێشمەرگە لەو جەنگەدا سەركەوتوو بێت و داوایش لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم وەك هەموو جار پشتیوانی پێشمەرگە بن.
HAWLAR -
