بەرپرسانی دهۆك کەلوپەلی زستانە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش دەكەن

 بەرپرسانی دهۆك کەلوپەلی زستانە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش دەكەن
بەرپرسی كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك دەڵێ ئاوارەكانی مووسڵ ٣ كەمپیان بۆ دروست دەكرێ؛ بێجگە لەوە خۆیانیان گورجەوە کردووە وەرزی زستانیش بە دەم ئاوارەكانەوە بن و كەلوپەلی پێویستیان بەسەردا دابەش بكەن.

(ئیدریس ساڵح) بەرپرسی كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك وای گوت: "سەرەڕای ئەو ٢٢ كەمپەی سنووری پارێزگای دهۆك، ٣ كەمپی دیكەیش دروست دەكەین، بەڵام ئەو كەمپانە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، لە زومار و شێخاندا دروست دەكرێن؛ سەدا٧٠ـی کاری دوو کەمپیان تەواو بووە، ئەوەی دیكەیش لەم ڕۆژانە بناغەکەی دادەنرێت."

گوتیشی: "سنووری دهۆك ئاوارەی زۆری تێ ڕژاوە؛ لەوە زیاتر جێوڕێمان پێ دابین ناکرێ؛ باری دارایییەکەیش خراپە، ئا لەبەر ئەوە ئیتر ئاوارە وەرناگرین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ وەرزی زستان لەگەڵ ڕێكخراوەكان و حكوومەتدا قسە دەكەین بۆ ئەوەی نەوت و كەلوپەلی زستانە بۆ ئاوارەكان دابین بکەین؛ دیارە زۆربەی ناوچەكان ئازاد كراون بەڵام خەڵكەكە ناگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان؛ جا داوا لە ئاوارەكان دەكەین بچنەوە بۆ شوێنی خۆیان تا لەوێ خزمەتیان بكەین و ناوچەكەیان ئاوەدان بكرێتەوە."










KDP
Top