ناوەندی بڕیار بۆ باڵی دەستڕۆیشتوو: دەرکردنی ئێمە لە یەکێتی باجی زۆر قورسی دەبێت
مەحموود سەنگاوی، سەرکردەی دیاری ناوەندی بڕیاری یەکێتی، لە میانی گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (دەنگی ئەمریکا)، لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەممە 15\10\2016ی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕای گەیاندووە: ”یەکێتی حزبە و پەیڕەوی ناوخۆی هەیە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەبێت سکرتێری گشتی، لەکاتی ئامادەنەبوونیشی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی سەرپەرشتی بکات، بەڵام بەبێ ئەوەی بۆ جێگرانی سکرتێری گشتی بگەڕێنەوە، کۆبوونەوەکەیان گرێ دا“.
سەبارەت بە تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی بەشداریکردنی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی کە 33 کەس بوون لە کۆبوونەوەکەدا، سەنگاوی ئاشکرای کرد: ”ڕاستە 33 کەس بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە، بەڵام کۆمەڵێک کەس لە سەرکردایەتی بەشدار بوون کە شەرعیەتی بەشداریکردنیان نییە، چونکە لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، کەسانی یەدەگیان بردووە و ڕێژەی یاساییان پێ تەواو کردوون“.
هاوکات سەبارەت بە سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن مەلا بەختیارەوە دەڵێت: ”مەلا بەختیار دەبووایە ڕێگە بە خۆی نەدات سەرپەرشتی ئەو کۆبوونەوەیە بکات، چونکە کۆبوونەوەکە ناشەرعییە و کۆمەڵێک خەڵکیان بەناوی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بدراون، ئەوانەش ناشەرعین. مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسییە و گوتوویەتی، هەموو ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بەشدار بوون، بەڵام بە پێچەوانەوە، تەنیا خۆی و عومەر فەتاح لە کۆبوونەوەکە بوون و حاکم قادر حەمەجان لە دەستەی کارگێڕییە، بەشدار نەبووە“.
هەر لەو لێدوانەدا، مەحموود سەنگاوی ناوێکی جیاواز لە کۆبوونەوەکە دەنێت و دەڵێت:
کۆبوونەوەکەیان پێی دەڵێن کۆبوونەوەی پینە و پەڕۆ“.
لە کۆتاییشدا، لەبارەی چارەنووسی یەکێتی و ئەگەری جیابوونەوەیان لە یەکێتی، ئەو سەرکردە باڵایەی ناوەندی بڕیار، هەڕەشە دەکات و دووپاتی دەکاتەوە: ”ئێمە لەناوەندی بڕیار، وەکوو نەوشیروان مستەفا نین کە بەبێ ئەوەی داوای هیچ بکەین، بەخۆڕایی لە یەکێتی بچینە دەرەوە. ئێمە خاوەنی یەکێتین و بە گاڵتەوە دەرناچین و دەست لە خەبات و قوربانیدانی خۆمان هەڵناگرین و دەرکردنی ئێمە باجی زۆر قورسی هەیە“. دەشڵێت: ”یەکێتی جێناهێڵین، ئامادەین سەری خۆشمان تێدا بچێت لەپێناو بەرزڕاگرتنی سیاسەتی یەکێتی“.
باسنيوز
