ناوی ئەو هێزانە ئاشكرا دەكرێن كە حەویجە ئازاد دەكەن
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی شاری كەركووك، ڕایگەیاند: "جۆرێك لە پشێوی لە شارۆچكەی حەویجە هەیە، داعش پێنج كەسیان لەناوخۆیاندا لە سێدارە داوە، هێزەكانیان خستوەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە، بەڵام لەوە دەچێت ئازادكردنەوەی حەویجە تۆزێك دواكەوێت، لەناوخۆیاندا ترس و دڵە ڕاوكێیان بۆ دروست بووە، بەڵام هێزی پێشمەرگە و پۆلیسی كەركووك لە حاڵەتی ئامادە باشیدان، هەركاتێك فەرمانمان لەسەرووی خۆمانەوە بۆ بێت، ئێمەش جێبەجێی دەكەین".
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، ئەوەشی خستەڕوو: "داعش ١٣ جار هێرشی كردوەتە سەر كەركووك و لە سەرجەم هێرشەكان شكاوە، بۆیە ئێستا هێزی داعش لە حاڵەتی هێرشەوە گۆڕاوە بۆ بەرگری، لە حاڵەتی بەرگریش داعش ئەو هێزەی نەماوە، كۆتاییان هاتووە".
گوتیشی: "هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس ئامادەن تەپڵی سەركەوتن لێ بدەن، خەڵك و پێشمەرگە ئەوەیان لەبیر ناچێتەوە كە ئەو پێشمەرگانەیان چۆن لەناو حەویجە دەسوڕاندنەوە، خەڵك لە سنووری حەویجە خۆیان ئامادە كردووە بۆ ئەو هێرشە، بڕیاریشە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق و پۆلیس هێرش بكەنە ناو مووسڵ".
باسنیوز
