سهرۆك بارزانی پهیامێكی تایبهت به ئۆپهراسیۆنی چاوهڕوانكراوی ئازادكردنی موسڵ بڵاو كردهوه
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ رای گشتی سەبارەت بە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رایدەگەیێنێت: "ماوەیەكی درێژە لە راگەیاندن و ناوەندە سیاسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ دەكرێت و، تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی موسڵیش بۆ هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە رۆژی شەممە 15-10-2016 بڵاوکرایەوە، رایدەگەیێنێت: "بەپێویستی دەزانم لەمبارەیەوە بە هەموو لایەك رابگەیێنم كە ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا رێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا كراوە".
بارزانی رایدەگەیێنێت: "لەو رێككەوتنەیشدا چۆنیەتی ئۆپەراسیۆنەكە و كار و ئەركی سەربازیی هەموو هێز و یەكە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بە وردی دیاری كراوە و، پابەندبوونی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دووپاتدەكەینەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات و رایدەگەیێنێت: "هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی و هەموو هەوڵێكیش دەدرێت كە پێكەوە نەهێڵین هیچ رووداوێكی نەخوازراو بێتە پێش. هەروەها هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە كۆمیتەیەكی باڵای سیاسی و هاوبەش پێكبهێندرێت بۆ كۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیكردنی بارودۆخ و پێشهاتەكان لە دوای ئازادكردنی موسڵ".
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئومێدی ئەوە دەخوازم ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت و دانیشتووانی شاری موسڵ لە زوڵمی تیرۆریستانی داعش رزگاریان بێت و خەڵكی ئاوارەی موسڵ و پارێزگای نەینەوا بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە شار و ناوچەكانی خۆیان".
Hawler-
