هێزێکی گەورەی پێشمەرگە بەرەو مووسڵ بەڕێ دەکرێت
رۆژی شەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، ئامادەکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ کراوە و هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیش لەسەر دەست پێکردن و چۆنێتیی ئۆپەراسیۆنەکە و ئەرکی هێزە جیاوازەکان رێککەوتوون.
سەرکردە سەربازییەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی باس لەوە دەکەن، کە وادەی رزگارکردنەوەی مووسڵ نزیک بووەتەوە و ئەگەر هەیە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2016 هێرشی هێزە عێراقییەکان بە پشتیوانیی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان دەست پێ بکات.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
