پەیامێک لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ رای گشتی

پەیامێک لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ رای گشتی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێك لەبارەی شەرِی ئازادكردنەوەی مووسڵ بڵاوكردەوە، ئەوەی خوارەوە دەقی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بۆ رای گشتی.



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ماوەیەكی درێژە لە ڕاگەیاندن و ناوەندە سیاسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەكرێت و تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی مووسڵیش بۆ هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە.

بە پێویستی دەزانم لەمبارەیەوە بە هەموو لایەك ڕابگەیێنم كە ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سووپای عێراقیدا كراوە. لەو ڕێككەوتنەیشدا چۆنییەتی ئۆپەڕاسیۆنەكە و كار و ئەركی سەربازیی هەموو هێز و یەكە بەشداربووەكانی ئۆپەڕاسیۆنەكە بە وردی دیاری كراوە و پابەندبوونی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دووپات دەكەینەوە. هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سووپای عێراقی و هەموو هەوڵێكیش دەدرێت كە پێكەوە نەهێڵین هیچ ڕووداوێكی نەخوازراو بێتە پێش.

هەروەها هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە كۆمیتەیەكی باڵای سیاسی و هاوبەش پێكبهێندرێت بۆ كۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیكردنی بارودۆخ و پێشهاتەكان لە دوای ئازادكردنی مووسڵ.

ئومێدی ئەوە دەخوازم ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت و دانیشتوانی شاری مووسڵ لە زوڵمی تیرۆریستانی داعش ڕزگاریان بێت و خەڵكی ئاوارەی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە شار و ناوچەكانی خۆیان.

مسعود بارزانی

15ـی 10ـی 2016

Top