ئەنجومەنی شنگال: پەکەکە ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییان دروست دەکات
ویسی نایف هەروەها رایگەیاند، کە داوای ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بۆ کردنەوەی نووسینگەی پەکەکە لە شارەکان، دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ گیانی هاووڵاتییان، چونکە تورکیا بەردەوام بنکە و بارەگاکانی پەکەکە بۆمباران دەکات.
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجومەنی شاری شنگال، چۆڵنەکردنی فەرمانگەکانی حکوومەت لەلایەن پەکەکە و رێکخراوەکانی بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی هاووڵاتییان.
وەیسی نایف داوای لە پەکەکە کرد، هەر وەک چۆن هێزی پێشمەرگەی کوردستانی باشوور دوای رزگارکردنەوەی کۆبانێ، شارەکەیان رادەستی پەکەکە کردەوە، گەریلاکانی پەکەکەش لە شنگال بچنە دەرەوە و شارەکە رادەستی خەڵکەکەی بکەنەوە.
لە رۆژی10ـی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان رزگارکردنەوەی تەواوی شاری شنگالی راگەیاند، کە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی هیزەکانی پێشمەرگەی دەکرد.
باسنيوز
