ئەمریکا: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ بارزانی هەیە

 ئەمریکا: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ بارزانی هەیە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە.



رۆژی هەینی 14ـی تشرینی یەکەمی 2016، مارک تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەدا رایگەیاند، پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ تاوتوێکردنی چەندین پرسی جیاواز.



مارک تۆنەر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە.



گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە، بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی و مەسعود بارزانی، تاوتوێی پلانی رزگارکردنەوەی مووسڵ و لەخۆگرتنی سەدان هەزار ئاوارەی کردووە، کە چاوەڕێ دەکرێ ئاوارەی کوردستانی باشوور ببن.



سەرکردەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق باس لەوە دەکەن، کە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ نزیک بووەتەوە و هەموو هیزەکان دەستیان بە ئامادەکاری کردووە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.






باسنیوز
Top