عەلی حوسێن: دوای ساڵێک لە پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی زۆر شت بۆ خەڵکی کوردستان، بەتایبەت سلێمانی و گەرمیان ڕوون بوویەوە

  عەلی حوسێن: دوای ساڵێک لە پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی زۆر شت بۆ خەڵکی کوردستان، بەتایبەت سلێمانی و گەرمیان ڕوون بوویەوە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ساڵێک لە پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە شاری سلێمانی ئێستا بەرچاوڕوونی بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بوو کە کێ بەرپرسە لە دیار نەمانی داهات لە سلێمانی.


عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و بەرپرسی لقی دووی پارتی ڕایگەیاند: "بارەگاکانی پارتی بارەگای مەدەنین بۆ کاری مەدەنی دانراون، پارتی بەردەوام چۆن لە خەبات پێشەنگ بووە ئاواش لە خەباتی مەدەنی پێشەنگە، بارەگاکانی پارتی پردی پەیوەندییە لەنێوان خەڵک و دەسەڵات و سەرکردایەتی حزب، چونکە هەمیشە داوای خەڵکیان گەیاندوەتە سەرووی خۆیان."


دەیشڵێت: "ساڵێک بەسەر هێرشی سەر بارەگاکانی پارتی تێدەپەڕێت ئەگەر بە بەرنامە و بە مەست ئەو هێرشە نەکرابێت دەپرسین گوناحی بارەگاکانی پارتی چی بووە؟ مووچەی فەرمانی تێدا بووە؟ پارەی حزبەکانی تێدا بووە؟ پارە دابەش کراوە؟ ئەوەی کرا ئاراستەی سیاسی بوو، ئێستاش خەریکە بۆ خەڵکی کوردستان و، بۆ دەڤەری خۆشەویستی سلێمانی و گەرمیان و کۆیە ڕوون دەبێتەوە کە خەڵک لە پشت ئەو پەلامارەوە بوو یان چەند لایەنێکی سیاسی؟ بۆ خەڵک باش ڕوون بووەتەوە کە پارتی بەرپرسە لە داهاتی سلێمانی یا لایەنی دی؛ جا خەڵکی ئێستا واقعی حاڵ تێگەیشتووە و دەزانن کە چۆن کاتی خۆی بە فیتی سیاسی ئاراستە کراون."


ئەوەشی خستە ڕوو، پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ موزایەدەی سیاسی پەیامی خەڵکی کوردستان وەردەگرێت و لە ئاستی بەرپرسیاریەتی قۆناغەکە مامەڵە دەکات کە خەڵکی کوردستان پێش هەموو لایەکی دیکە باش لەوە گەیشتوون کە ئارامی و سەقامیگریی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی گرنگە؛ پارتی ئەوەی لەسەر شانی بێت جێبەجێ دەکات.
Hawler-
Top