دڵشاد شه‌هاب: پێویسته‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ڕوونتر بێته‌وه‌ كه‌ پارتی هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌زموونكراو تاقی ناكاته‌وه‌

  دڵشاد شه‌هاب: پێویسته‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ڕوونتر بێته‌وه‌ كه‌ پارتی هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌زموونكراو تاقی ناكاته‌وه‌
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ حزبه‌كه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵه‌یه‌ك دووباره‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ پێشتر ئه‌زموون كراوه‌.

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە (رووداو)ی گوتووه‌ "تێكدانی رێككەوتنی پێكەوەكاركردن لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە كە پارتی هەشت مانگ بۆ دروستكردنی ئەو رێككەوتنە، پێكهێنانی حكومەتی دواخست، بووە هۆكاری ئەوەی پەرلەمان بەو جۆرەی بەسەر بێت، كەواتە ئەوە گۆڕان ‌و سەرۆكی پەرلەمانەكەی بوون پەرلەمانیان بەو دەردە برد نەك پارتی".

بۆ پشتگیری بۆچوونەكانی، ئەو سەركردەیەی پارتی باسی كۆبوونەوەی 19ی ئابی لایەنەكان دەكات، كە بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەمریكا ئەنجامدراوە و گوتی "لە كۆبوونەوەی 19ی ئابدا كە تاوەكو بەرەبەیانی خایاند، لەسەر پێشنیازی خودی نەوشیروان مستەفا كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ سێ‌ رۆژ دواخرا، بەڵام لەپاش سێ‌ كاژێر، گۆڕان بەپێچەوانەی بڕیارەكەی خۆیان بانگەشەیان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان كرد، هەر ئەو كاتەش رێككەوتنی سیاسی لە كوردستان بەتەواوەتی تێكچوو".

لەبارەی هەوڵەكانیش بۆ كاركردنەوەی پەرلەمان، دڵشاد شەهاب باسی لەوە كرد، هەموو لایەنەكان بە بەردەوام هەوڵیان هەیە، بەڵام گوتیشی "پێویستە ئەوە روونبێت پارتی جارێكی دیكە هەڵەیەكی رابردوو دووبارە تاقی ناكاتەوە، چونكە ئێمە لە رابردوودا بە نیەتێكی زۆر باش بۆ پێكهێنانی حكومەت ‌و پەرلەمان چووینە پێشەوە، بەڵام بەداخەوە بەو جۆرەی بەسەر هات و، خودی بزووتنەوەی گۆڕان هۆكاری تێكچوونی رێككەوتنەكە بوو".
Hawler-
Top