حکومەت وەڵامی "چەند تۆمەتێك" لەبارەی پێشێلكاری لە زوممار دەداتەوە
حکومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز سەبارەت بە فراوانکردنی سنووری کوردستان لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە دەداتەوە.
د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، رۆژی 10-10-2016 ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز راپۆرتێکی سەبارەت بە شەڕی داعش بڵاوکردەوە و تێیدا تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ هێزە کوردییەکان کە "بە ئەنقەست ماڵی عەرەبەکانی نیشتەجێی ناوچەی زوممار خاپوور و وێران دەکەن و هەوڵی دەرکردنیان دەدەن بە زۆرەملێ بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە و فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی خۆیان".
"تۆمەتەكان بە جددی وەرگیراون"
دیندار زێباری، كە سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە، رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەو تۆمەت، رەخنە و گلەییانەی سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هەمیشە بە جددی وەرگرتووە.
زێباری رایگەیاندووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پێویست کردووە لەبارەی ئەو راپۆرتەوە، بۆیە بەشێوەیەکی راستەوخۆ تێبینییەکانی راپۆرتی ئاژانسی ناوبراو وەردەگرێت و کاری لەسەر دەکات".
"سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی پێكهێناوە"
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە چەند خاڵێك كردووە، سەبارەت بە راپۆرتەکەی رۆیتەرز، بەتایبەتی پرسی تۆمەتی تێکدانی ماڵ و حاڵی خەڵک لە ناوچەی زومماری خستووەتەڕوو، ئەوەش "لە دوای پێکهێنانی لیژنەی باڵای دۆزینەوەی راستییەکان و سەردانی مەیدانی بۆ ئەم ناوچەیە، کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (30) ی لە 4-4-2016، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە بابەتی تێکدان و خاپوورکردنی ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی سڤیل لەم ناوچەیە و چەند ناوچەیەکی تازە ئازاد کراو بکەن".
دیندار زێباری رایگەیاندووە "ئەو لیژنەیە بە سەرۆکایەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش دەستیان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە کردووە، کە پێشتر هەردوو رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان پێکردبوو".
"خاپوورکردنی خانووەکان لە زوممار و دەوروبەری بە سێ قۆناخ بووە"
دیندار زێباری دەڵێت "دوای دەستبەکاربوونی لیژنەی ناوبراو لە نزیکەوە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومی، ئەمنی، سەربازی، کەسایەتی ناودار و سەرۆک هۆز و خەڵکی ناوچەکە ئەنجامدا. چەند بابەتێکی گرنگ باسکران؛ وەک: خاپوورکردن، هاتووچۆی هاووڵاتیان و گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووانی ناوچەکە بۆ ئەوەی واقیعی راستەقینەی ناوچەکە بخەینەڕوو بۆ رای گشتی، کارەکانی ئەم لیژنەیەش تایبەت نەبوون تەنیا بە ناوچەی زوممار، بەڵکو بۆ گشت ناوچە تازە ئازادکراوەکان بوون وەک کەرکوک، مەخموور و دیالە".
سەبارەت بەو تۆمەتانەی، کە لە راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە، کە گوایە هێزە كوردییەكان ماڵ و حاڵی عەرەبەکان لە ناوچەی زوممار دەڕووخێنن زێباری گوتی "ئێمەوە وەک لیژنەی باڵای دۆزینەوەی راستیەکان گەیشتینە چەند دەرەنجامێک لەوانە: خاپوورکردنی خانووەکان لە زوممار و دەوروبەری بە سێ قۆناخ بووە. یەکەم: قۆناخی کۆنترۆڵکردنی زوممار لەلایەن داعش. دووەم: بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان. قۆناغی سێیەمیش، کۆنترۆڵکردنەوەی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە".
"173 تۆن تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو لە زوممار هەڵگیراوەتەوە"
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "بەشێکی زۆری خانووەکان لە ئەنجامی بۆمبڕێژکردنیان لەلایەن داعشەوە رووخێنراون، هەر لەم بارەوە زیاتر لە 173 تۆن تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو لە ناوچەی زوممار لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەڵگیراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆریشیان بە هێزی پێشمەرگەوە تەقیونەتەوە، لە ئەنجامدا زیاتر لە 23 پێشمەرگە بوونەتە قوربانی".
"بەشێكی زۆری لە خانووەكان بەهۆی بۆردوومانەوە رووخاون"
هەر لەبارەی وێرانبوونی زوممار، دیندار زێباری دەڵێت "بەشێکی خانووەکانیش لە ئاکامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆردوومانی هێزەکانی رووخێنراون، چونکە داعش وەک مۆڵگەیەک بەکاری هێناون و لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە شەڕی لەو خانووانەدا کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە خانوو بەشێوەیەکی نایاسایی و زێدەڕۆیی ئاوەدانکرابوون، ئەوانەش لەلایەن شارەوانیی و دامودەزگا حکومییەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا تێکدراون".
هەندێك لە ناوچەكان لەنێوان سەنگەرەكانی شەڕدان
زێباری راشیگەیاندووە "هەندێک لە ناوچەکان کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و داعش و شەڕ و پێکدادانی بەردەوام، بێگومان ئەم شەڕە دەبێتە هۆی تێکدان و خاپووربوونی خانووەکان و ئاوارەبوونی خەڵکی ئەو ناوچانەش، ئەمەش سروشتی شەڕە لە هەر شوێنێک بێت".
د. دیندار زێباری ئاماژە بەوە دەكات، نزیکەی 330 خانووی کارمەندانی ئاسایش، کادرانی حیزبی و پۆلیس و سەربازی لەلایەن داعشەوە تێکدراون و هەموویان لە دادگا سکاڵایان تۆمارکردووە.
"رەنگە هەندێک خانوو لەلایەن هاووڵاتیانەوە رووخێنرابێت"
زێباری ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە هەندێک خانوو لەلایەن هاووڵاتیانەوە رووخێنرابێت، ئەوەش زیاتر وەک تۆڵەسەندنەوە و حاڵەتی تاکە کەسی بووە نەک بەشێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی رێگری لەم جۆرە رەفتارانە کردووە و دەڵێت، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 17-3-2016 رێنمایی ژمارە 3ی دەرکردووە سەبارەت بە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیل، کە بە هیچ شێوەیەک رێگانادرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان سڤیل.
رێنماییەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەگوتەی زێباری رێگری دەکات لە دەستگیرکردنی هەر هاووڵاتییەک بەبێ بەڵگە و "پێویستە دوای دەستگیرکردنی هەر هاووڵاتییەک لە کاتی یاسایی خۆیدا دۆسییەکانیان یەکلا بکرێتەوە".
لە بەشێکی دیکە رێنماییەکاندا هاتووە "نابێت بەبێ هۆکاری یاسایی و سەربازی هاووڵاتیان لە شوێنی خۆیان بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی دیكە، هەروەها هاووڵاتیان ئازادن لە هاتووچۆکردنیان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی ئاسایش و سەربازی هەرێم، جگە لەو ناوچانە نەبێت کە دەکەونە سەر هێڵی تەماسی سەربازی و هەر کەسێک یان لایەنێک بەپێچەوانەی ئەم رێنماییانە رەفتار بکات لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت".
"خەڵكی ناوچەكە ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستانیان كردووە"
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە نەبوونی ئازادی رادەربڕین لەو ناوچانەدا وەک لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، گوتی "لە کاتی سەردانی لیژنەکەمان بۆ ئەم ناوچەیە راستەوخۆ چاوپێکەوتنمان لەگەڵ زیاتر لە 50 شێخ، سەرۆک هۆز و کەسایەتی عەرەبی ناوداری ناوچەکە ئەنجامدا، ئەوانیش بە شێوەیەکی ئازادانە ستایشی رۆڵی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی كوردستانیان لەو ناوچانە کرد. لە هەمان کاتدا لە هەر شوێنێک کەموکوڕی هەبێت تێبینییەکانی خۆیان بە ئازادانە خستەڕوو و ئێمەش وەکو لیژنە تێبینییەکانمان قبوڵ کرد".
"خەڵكی ناوچەكە گلەیی دەكەن كە ناتوانن بە ئازادی هاتووچۆ بكەن"
بەگوتەی دیندار زێباری، یەکێک لە گلەییە بەرچاوەکانی خەڵکی ناوچەکە ئەوە بووە، دوای ئازادکردنی ناوچەکانیان ناتوانن بە ئازادی هاتووچۆ بکەن و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، چونکە لە ئەنجامی هێرشی داعش 14600 خانەوادە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و روویان کردووەتە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە، بەڵام لەدوای ئازادکردنەوەی زوممار زیاتر لە 661 خانەوادە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و ئەوانی دیكەش ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە بە هۆی ئەوەی شوێنەکانیان کەوتووەتە سەر هێڵی تەماس و ژمارەیەکی زۆری مین و بۆمبی چێنراو هەیە.
دیندار زێباری ئاشكراشیكردووە، لەو ناوچانە خزمەتگوزاری سەرەتایی و پێویست نییە، بۆیە لە حاڵی حازردا ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەوەش تەنیا عەرەبەکان نین، بەڵکو بەشێکی زۆری خانەوادە کوردەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگری لە هیچ ئاوارەیەک ناکات بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئەو رێوشوێنانەی ئێستا لەم بوارەدا پیادە دەکرێن تەنیا بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی سڤیلی ئەم ناوچانەیە.
"حكومەت پابەندە بە بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ"
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لە کاتی جەنگ، بۆیە بە هیچ شێوەیەک "رێگەنادات بە تێکدانی خانووی هاووڵاتیان، رێگەگرتن لە ئازادی هاتووچۆیان و رێگەنەدان بە گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام لە کاتی شەڕدا پێویستە هەندێک رێنمایی و رێوشوێنی بگیریتە بەر بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و رێگا نەدان بە داعش بۆ بەکارهێنانی هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە لە شەڕەکاندا".
Rudaw-
