حکومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز دەداتەوە
رۆژی 10/10/2016 ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز راپۆرتێکی سەبارەت بە شەڕی داعش بلاوکردەوە و تێیدا تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ لایەنە کوردەکان کە بە ئەنقەست ماڵی عەرەبەکانی نیشتەجێی ناوچەی زوممار خاپوور و وێران دەکەن و هەوڵی دەرکردنیان دەدەن بە زۆرەملێ بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە و فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی خۆیان.
لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند کەوا حکومەتی هەرێم ئەو تۆمەت ورەخنە و گلەییان سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هەمیشە بە جددی وەردەگرێت و زیاتر وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پێویست کردووە لەم بارەوە بۆیە بەشێوەیەکی راستەوخۆ تێبینییەکانی راپۆرتی ئاژانسی ناوبراو وەردەگرێت و کاری لەسەر دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش چەند روونکردنەوەیەک سەبارەت بە راپۆرتەکە بەتایبەتی تێکدانی ماڵ و حاڵی خەڵک لە ناوچەی زوممار دەخاتە روو بەتایبەت لە دوای پێکهێنانی لیژنەی باڵای دۆزینەوەی راستییەکان و سەردانی مەیدانی بۆ ئەم ناوچەیە کە لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (30) ی لە 4/4/2016، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە بابەتی تێکدان و خاپوور کردنی ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی سڤیل لەم ناوچەیە و چەند ناوچەیەکی تازە ئازاد کراو بکەن، ئەم لیژنەیەش بە سەرۆکایەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی و نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش دەستیان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە کردووە کەپێشتر هەردوو رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان پێکردبوو.
زێباری زیاتر وتی: دوای دەستبەکاربوونی لیژنەی ناوبراو لە نزیکەوە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومی و ئەمنی و سەربازی و کەسایەتی ناودار و سەرۆک هۆز و خەڵکی ناوچەکە ئەنجامدا و چەند بابەتێکی گرنگ باس کران وەکوخاپوور کردن و هاتوچۆی هاووڵاتیان و گواستنەوەی بە زۆرەملێی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ ئەوەی واقعی راستەقینەی ناوچەکە بخەینە روو بۆ رای گشتی، کارەکانی ئەم لیژنەیەش تایبەت نەبوون تەنیا بە ناوچەی زوممار بەڵکو بۆ گشت ناوچە تازە ئازادکراوەکان بوون وەک کەرکوک، مەخمور و دیالا.
سەبارەت بەو ئیدیعایانەی کە لە راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە کە گوایە کورد ماڵ و حاڵی عەرەبەکان لە ناوچەی زوممار دەرووخێنن، زێباری وتی: ئێمەوە وەک لیژنەی باڵای دۆزینەوەی راستیەکان گەیشتینە چەند دەرەنجامێک لەوانە: خاپوورکردنی خانووەکان لە زوممار و دەوروبەری بە سێ قۆناغ بوو، یەکەمقۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی زوممار لەلایەن داعش، قۆناغی دووەم بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، قۆناغی سێیەمیشکۆنتڕۆڵکردنەوەی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە، بەشێکی زۆری خانووەکان لە ئەنجامی بۆمبڕێژکردنیان لەلایەن داعشەوە رووخێنراون، هەر لەم بارەوە زیاتر لە 173 تۆن تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو لە ناوچەی زوممار لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمەوە هەڵگیراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆریشیان بە هێزی پێشمەرگەوە تەقیونەتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە (٢٣) پێشمەرگە بوونەتە قوربانی، هەروەها بەشێکی خانووەکانیش لە ئاکامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆردوومانی هێزەکانی رووخێنراون، چونکە داعش وەک مۆڵگەیەک بەکاری هێناون و لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە شەڕی لەو خانووانەدا کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە خانوو بەشێوەیەکی نایاسایی و زێدەڕۆیی ئاوەدانکرابوون لەلایەن شارەوانییەوە و دامودەزگا حکومییەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا تێکدراون.
هەروەها هەندێک لە ناوچەکان کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و داعش و شەڕ و پێکدادانی بەردەوام بێگومان ئەم شەڕە دەبێتە هۆی تێکدان و خاپوور بوونی خانووەکان و ئاوارە بوونی خەڵکی ئەم ناوچانەش ئەمەش سروشتی شەڕە لە هەر شوێنێک بێت،لەلایەکی دیکەوە نزیکەی (330) خانووی کارمەندانی ئاسایش، کادرانی حزبی وپۆلیس و لەشکەری لەلایەن داعشەوە تێکدراون و هەموویان لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە. زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە هەندێک خانوو لەلایەن هاووڵاتیانەوە رووخێنرا بێت ئەمەش زیاتر وەک تۆڵەسەندنەوە و حاڵەتی تاکە کەسی بووە نەک بەشێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو بێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی رێگری لەم جۆرە رەفتارانە کردووە و وتی: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 17/3/2016 رێنمایی ژمارە (٣)ی دەرکردووە سەبارەت بە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیل کە بە هیچ شێوەیەک رێگا نادرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان سڤیل، هەروەها رێگری دەکات لە دەستگیر کردنی هەر هاووڵاتییەک بەبێ بەڵگە و پێویستە دوای دەستگیر کردنی هەر هاووڵاتییەک لە کاتی یاسایی خۆیدا دۆسییەکانیان یەکلا بکرێتەوە، لە بەشێکی دیکە رێنماییەکاندا هاتووە نابێ بەبێ هۆکاری یاسایی و سەربازی هاووڵاتیان لە شوێنی خۆیان بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی تر، هەروەها هاووڵاتیان ئازادن لە هاتوچۆ کردنیان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی ئاسایش و سەربازی هەرێم جگە لەو ناوچانە نەبێت کە دەکەونە سەر هێڵی تەماسی سەربازی و هەر کەسێک یان لایەنێک بەپێچەوانەی ئەم رێنماییانە رەفتار بکات لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان ئەوان تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە نەبوونی ئازادی رادەربڕین لەو ناوچانەدا وەک لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە وتی: لە کاتی سەردانی لیژنەکەمان بۆ ئەم ناوچەیە راستەوخۆ چاوپێکەوتنمان لەگەڵ زیاتر لە (٥٠) شێخ و سەرۆک هۆز و کەسایەتی عەرەبی ناوداری ناوچەکە ئەنجامدا ئەوانیش بە شێوەیەکی ئازادانە ستایشی رۆڵی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمیان کرد لەم ناوچانە کرد، لە هەمان کاتدا لە هەر شوێنێک کەموکوڕی هەبێت تێبینییەکانی خۆیان بە ئازادانە خستە روو و ئێمەش وەکو لیژنە تێبینییەکانمان قبوڵ کرد، یەکێک لە گلەییە بەرچاوەکانی خەڵکی ناوچەکە ئەوە بوو کە ناتوانن بە ئازادی هاتوچۆ بکەن و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان دوای ئازادکردنی ناوچەکانیان، چونکە لە ئەنجامی هێرشی داعش (١٤٦٠٠) خانەوادە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێتشووە و روویان کردۆتە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە، بەڵام لە دوای ئازاد کردنەوەی زوممار زیاتر لە (٦٦١) گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و ئەوانی تریش لە ئێستادا ناتوانن بگەڕێنەوە بە هۆی ئەوەی شوێنەکانیان کەوتۆتە سەر هێڵی تەماس و ژمارەیەکی زۆری مین و بۆمبی چێنراو هەیە، هەروەها خزمەتگوزاری سەرەتایی و پێویستیان نییە، بۆیە لە حاڵی حازردا ناتوانن بگەڕێنەوە، و تەنیا عەرەبەکان نین کە ناتوانن بگەڕێنەوە بەڵکو بەشێکی زۆری خانەوادە کوردەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگری لە هیچ ئاوارەیەک ناکات کە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئەو رێوشوێنانەی ئێستا لەم بوارەدا پیادە دەکرێن تەنیا بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی سڤیلی ئەم ناوچانەیە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لە کاتی جەنگ بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگا نادات بە تێکدانی خانووی هاووڵاتیان و رێگا گرتن لە ئازادی هاتووچۆیان و رێگا نەدان بە گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام لە کاتی شەڕدا پێویستە هەندێک رێنمایی و رێوشوێنی بگیریتە بەر بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و رێگا نەدان بە داعش بۆ بەکارهێنانی هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە لە شەڕەکاندا.
Kurdistan-
