مینا ئاوەکەڵی: داواکاری ماموستایانمان گەیاندە وەزیری پەروەردە

مینا ئاوەکەڵی: داواکاری ماموستایانمان گەیاندە وەزیری پەروەردە
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ داواکاری ماموستایانی شاری سلێمانیان گەیاندە وەزیری پەروەردە ئەویش پێشوازی لەو داواکاریانە کرد و باسی لەوەکرد ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان.



بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی "مینا ئاوەکەڵی" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەکو لیژنەکەمان سەردانی وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانمان کرد لەبارەی داواکاری ماموستایان بەتایبەت مووچە و ھاتووچۆی ماموستایانی دەرەوەی شار و کێشەکانی دیکە، بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ جەخت لەسەر ئەو داواکاریانە کرایەوە و وەزیری پەروەردە پێشوازی لەو داواکاریانە کرد و تەئکیدی کردەوە، ھەوڵی جدی دەدات بۆ ئەوەی حکومەت بەشێوەیەکی گشتی رێگا بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکەن بەتایبەت مووچە."



مینا ئاوەکەڵی گوتی: پێشتریش وەزیری پەروەردە ھەوڵی داوە و ئەمڕۆش زۆر پێی خۆش بوو ئەو سەردانە کراوە و داوای کرد سەردانی زیاتر ھەبێت بۆ ئەوەی ئاگای لە دۆخی ماموستایان بێت و پێشتریش زۆر جار سەردانی سلێمانی کردووە و ئاگاداری کێشەکان بووە، بەڵام ئەمە بۆ ھەماھەنگی زۆر باشە.



ئاوەکەڵی ڕوونیشی کردەوە: ھەوڵدەدرێت ئەگەر ھەموو پاشەکەوتی مووچەی ماموستایانیش نەمێنێت بەڵام بەشێکی کەمبکرێتەوە و چاوپێخشانەوەی پێدا بکرێت.



ئەوەشی خستەڕوو، ھەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باس لەوە کرا لەو بودجەی بۆ پارێزگا دابین دەکرێت بتواندرێت بەشێک لەوەی پەروەردە بەشێکی دابنرێت بۆ ھاتوچۆی قوتابیان.
PAYAMNER-
Top