هەوڵێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان دەدرێت

 هەوڵێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان دەدرێت
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی مامۆستایان و بڕی مووچەکەیانی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13\10\2016، سەرچاوەیەک لەنێو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دوور نییە بەهۆی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچەی مامۆستایان لە ڕێگەی بەغداوە، دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دوابخرێت.

بەپێی زانیارییەکان، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆکردنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی پەیوەندی بە فازڵ نەبی، بریکاری وەزیری دارایی عێراقەوە کردووە و ئەویش لەگەڵ هەردوو وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان و پەروەردەی عێراق گفتوگۆی کردووە و داوای ژمارەیەی مامۆستایان و بڕی مووچەی مامۆستایانی کوردستانی کردووە. هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، ئاڵوگۆڕی ژمارەکان ڕاستەوخۆ لە نێوان وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا ڕۆڵی نەگێڕاوە.

لە وەزارەتی پەروەردە ژمارەی مامۆستایان نزیکەی 130 هەزارە و سەرجەم فەرمانبەر و مامۆستایانی وەزارەتەکەش نزیکەی 160 هەزار کەس دەبێت، لە نێو وەزارەتی پەروەردە هیوای ئەوە هەیە کە ئەم هەوڵە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی تایبەت بە مووچەی مامۆستایان.













باسنیوز
Top