یەکێتی: ئەو کادیرانەی ڕیزەکانی یەکێتی جێدەهێڵن بیروبڕوایان بەهێز نییە

 یەکێتی: ئەو کادیرانەی ڕیزەکانی یەکێتی جێدەهێڵن بیروبڕوایان بەهێز نییە
پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە بەجێهێشتنی ڕیزەکانی حزبەکەی لە لایەن ژمارەیەک کادیرەوە دەکات و پێیوایە کە ئەو کەسانە بیروبڕوایان بەهێز نییە.



دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کادیرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیان لەکار کێشایەوە و لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا دەیان کەس لە کەسوکار و خزمانی نزیکی بەهرۆز گەڵاڵی، ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبە، وازیان لە ڕێزەکانی یەکێتی هێنا. ئەمڕۆ چوارشەممە 13\7\2016، نەوزاد ڕەسوڵ، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کادیری پێشکەوتووی ئەو حزبە، لەبارەی بەجێهێشتنی کادیران و بەرپرسانی یەکێتی، ڕایگەیاند: “سەنگەر گۆڕین لە کوردستان شتێکی تازە نییە، دەشمێنێت، خەڵکێک هەیە زۆر بیروباوەری بەلاوە گرنگ نییە، جا ئەو خەڵکە لەناو گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ و حزبەکانی دیکە، هەندێکیان باوەڕیان بەهێز نییە، پۆست دەخەنە بەردەمی و سەنگەر دەگوازنەوە”.

لەبارەی ئەو قسانەی کە کادیرە دەست لەکارکێشاوەکانی یەکێتی دەیکەن و دەڵێن بەهۆی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆرانەوە دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، نەوزاد ڕەسول بە (باسنیوز)ی گوت: “ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی هیچ کاریگەری لەسەر جیابوونەوەی کادیرانی یەکێتی نییە بە جیابوونەوەی ئەو خەڵکانە قازانجی کردووە، چونکە کاتێک ئەوان لەناو حزب چوون، یەکێتی بەهێزتر بووە". ئەوەشی ڕوون کردەوە، ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و، یەکێتی کاریگەری لەسەر بیروبۆچوونی جیاوازی ناو یەکێتی نەکردووە و بیروبۆچوونی جیاواز هەر دەمێنێت.










باسنیوز
Top