كەنەدا لە هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ هەرێمی كودستان بەردەوام دەبێت

 كەنەدا لە هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ هەرێمی كودستان بەردەوام دەبێت
لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستاندا وەزیری بەرگری کەنەدا خۆشحاڵیی خۆیی بۆ ئەو هەماهەنگییە پتەوە دەربڕی كە لە نێوان پسپۆڕانی سەربازیی كەنەدی و پێشمەرگەدا هەیە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 12-7-2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز هارجیت سینگ ساجان وەزیری بەرگریی كەنەدا و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران ئامادەی بوو، ساجان خۆشحاڵیی خۆی بە دووەم سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و ستایشی سەقامگیری و پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و سوپاسی خەڵك و پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ پاراستنی كلتووری لێبوردەیی و پێكەوەیی لە هەرێمی كوردستان.

دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای ئەو بارە قورسە داراییەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بە باشترین شێوە پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووە و جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستی بۆ دابین كردوون. خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئەو هەماهەنگییە پتەوە دەربڕی كە لە نێوان پسپۆڕانی سەربازیی كەنەدی و پێشمەرگەدا هەیە ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكەن و ڕایگەیاند لەسەر هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردان و تێبینییەكانی بەڕێزیان و حكوومەتی كەنەدای كرد بۆ ئەو هاوكارییە مرۆیی و سەربازیانەی كە پێشكەشی هەرێمی كوردستانی دەكات و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست بەتایبەتی كە بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی مووسڵ و دوای ئۆپەراسیۆنەكەش، ئەو هاوكارییانە لە بواری سەقامگیركردنەوەی شارەكە و دەوروبەری زۆر پێویستن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەستخۆشی لە پسپۆڕە سەربازییەكانی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان كرد كە مەشق و ڕاهێنانی باشیان بە پێشمەرگە كردووە. ئاماژەی بەوەش دا لەو ماوەیەی كە بەڕێز ساجان بووەتە وەزیری بەرگریی كەنەدا، هەماهەنگی و هاوكارییە سەربازییەكان بۆ پێشمەرگە زۆر باشتر بوون و ئامادەیی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ پتەوكردنی زیاتری ئەو پەیوەندی و هەماهەنگییە نیشان دا.

تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە و عێراق و ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر بە هەماهەنگیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و سوپای عێراق و پێشمەرگە و ڕۆڵی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا و پلانی دوای ئازادكرنەوەی شارەكە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
Top