حدکا: شانبەشانی خەباتی چەکداری، چالاکیی مەدەنی و ئاشتیخوازانەش درێژە دەدەین
ئەمڕۆ دووشەممە 11/7 لە شاری هەولێر و لە مەكتەبی پەیوەندییەكانیانی حدکا لە هەولێر، تەیمور مستەفایی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حدکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتی: "لە یادی 27 ساڵەی تیرۆركردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو پەیامی شار و شاخمان هەیە و دەمانەوێت هەوڵێكی مەدەنی بدەین بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان، بۆیە داوا دەكەین كە هاووڵاتیان سبەی لە ماڵەكانی خۆیان دەرنەچن و دووكان و بازاڕەكانیان نەكەنەوە و گوندنشینەكانیش نەچنە شار و هەموو چالاكییەكانی ئەو ڕۆژەیان ڕابگرن، ئەوە وەك چالاكییەكی مەدەنی، لە ڕابردووشدا چالاكییەكانی شاخمان بینیوە و ئێستاش خەڵكی كوردستان دەیانەوێت وەڵامی سیاسەتی كۆماری ئیسلامی بدەنەوە".
هەروەها گوتیشی: "ئێمە داوامان كردووە كە هەموو چالاكییەكانی شار و دێهاتەكان رابگیرێن و پێمان باشە كوردستانیان وەڵامی بانگەوازی ئێمە (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران) بدەنەوە تاكوو سنوورێك بۆ دەستدرێژییەكانی كۆماری ئیسلامی دابنرێت و هەر كاتێكیش چالاكییەكان ئەنجام بدرێت، لەدژی كۆماری ئیسلامی ئەو ڕژێمە ناتوانێت هیچ بكات، هەروەك لە ماوەی ڕابردوودا كراوە."
لەبارەی رەوشی ئەمنیی ناوچەی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئێراندا مستەفایی گوتی: نزیكەی 200 هەزار سەربازی ئەمنییەتی لە ناوچەكانی كوردستان مۆڵ دراون بۆ دابینكردنی ئەمنییەت، بەڵام ناتوانێت هیچ بكات، چونكە ئەمنیەتی رۆژهەڵات بە هێزی چەكداری ناكرێت، بەڵكوو بە ئاشتی و ڕێككەوتن و گفتگۆ و گوێگرتن لە یەكتری دەكرێت."
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێراندا ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموكرات ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كەلە ماوەی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی هەڵمەتی دەستگیركردنی هاووڵاتیانی دەست پێكردووە و تاكوو ئێستا 50 كەس زیاتر دەستگیر كراون، بەڵام دیار نییە كە ئێمە ئەندامەكانمان دەستگیر كراون، یان نا."
لە كۆتایی قسەكانیدا مستەفایی باسی ئەوەی كرد كە لە ساڵی 1979وە تا ئێستا لە ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەی سیاسەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران 5 هەزار پێشمەرگەمان شەهید بووونە و 23 هەزار پاسداریش كوژراون و 17 هەزار چالاكیمان نواندووە.
باسنيوز
