ئاڵا تاڵەبانی: لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان یەكمانگرتەوە

 ئاڵا تاڵەبانی: لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان یەكمانگرتەوە
لە بارەگای سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە، هەردوولاش یەكگرتنەوەی فراكسیۆنەكانیان راگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا ناوی فراكسیۆنە نوێیەكە و سەرۆكی فراكسیۆنەكە دیاری دەكرێ.

دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرا كرد.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هۆشیار عەبدوڵا لە كۆنگرەكەدا رایگەیاند "كۆبوونەوەكە بۆ قسەكردن بوو لەسەر چۆنێتی هەنگاونان و بەرنامەی كار و ئەو ئامانجانەی كە ئیئتیلافی هاوبەشی نێوان فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رێك دەخات، هەموو ئەو هێڵە سەرەكی و هەنگاوە ستراتیجییانە و چۆنێتی ئالیەتی كاركردنی پێكەوەییمان لە ئاستی سیاسی و پەرلەمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دانا و بۆ هەموو ئەو ئەرك و هەنگاوە چاوەڕوانكراوانەی لەم ئیئتیلافە چاوەڕوان دەكرێت كۆمەڵێك لیژنەمان دانا".

گوتیشی "چاوەڕوان دەكەین ئیئتیلافەكە هەنگاوێك بێت بە ئاراستەی پتەوتركردنی یەكدەنگی كورد لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر و لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان".

هۆشیار عەبدوڵا ئەوەشی گوت "لای هەردوولا یەكڕیزی ستراتیج و قەناعەتێكی قوڵە، بەڵام قۆرخكردنی بڕیاری سیاسی لەلای هەردوولامان لەلایەن هەر لایەنێكی سیاسییەوە رەتكراوەیە".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی كرد بەوەی، نایانەوێت ئیئتیلافەكەیان لە هیچ لایەنێكی تر دووریان بخاتەوە و هیوایان وایە سەرەتایەك بێت بۆ یەكخستنی زیاتری لایەنە كوردییەكان.

لەلای خۆیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاڵا تاڵەبانی لە كۆنگرەكەدا گوتی "ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو فراكسیۆنە و لەگەڵ سەركردایەتی هاوبەش كۆبووینەوە و پێشتریش قسەمان لەسەر چۆنێتی رێككەوتن و یەكگرتنمان كردووە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ قسەمان كرد لەسەر وردەكارییەكانی ئەم یەكگرتنەوە و فراكسیۆنەكە و كۆبوونەوەكانی دووسبەی پەرلەمانی عێراق و بەشداریمان لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان وەك فراكسیۆنێكی هاوبەش".

ئاڵا تاڵەبانی گوتیشی "هەردوولا دەبین بەیەك فراكسیۆن و پێكهێنانی لیژنەكەش بۆ قسەكردنە لەسەر میكانیزم و شێواز و ئیدارەی فراكسیۆنە هاوبەشەكە و لە رۆژانی داهاتوودا قسە لەسەر ناو و سەرۆكی فراكسیۆنەكە دەكەین".











باسنيوز

Top