پارتی پێوه‌ندیی به‌ دامەزراندنی میلشیاوه‌ نییه‌ له‌ مووسڵ

 پارتی پێوه‌ندیی به‌ دامەزراندنی میلشیاوه‌ نییه‌ له‌ مووسڵ
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی ڕەتی ده‌كاته‌وه‌ حزبه‌كه‌ی هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ دروستكردنی میلیشاوه‌ هه‌بێ له‌ مووسڵ و گوتیشی، "ئەوە كاری پارتی نییە و خەڵكی مووسڵ خۆی كار بۆ دامەزراندنی هێزی سەربازی دەكەن."

گوتەبێژی یەكێتی لە نەینەوا، ڕایگەیاندبوو پارتی دەستی بە دامەزراندنی میلیشیا كردووە لە دەوروبەری مووسڵدا.
له‌وباره‌وه‌ (عەلی عەونی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی گوتی: "پارتی بەهیچ شێوەیەك دەستوەردانی نەكردووە لە بابەتی میلشیاتی عەشایەری؛ پارتی سەرقاڵە بە شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە، بەڵام خەڵكی مووسڵ خۆیان كار بۆ ئەوە دەكەن هێزی تایبەت بە خۆیانیان هەبێت، ئەوە كاری پارتی نییە."

(عەلی عەونی) دەیشڵێ: "ئەگەر لایەنێك ترسی لە پارتی هەیە، ئەوە شكستی دەوڵەتی عێراقە لە جیاتی بەهێزكردنی سوپا، عێراق سوپای هەڵوەشاندەوە و شكستی پێ هێنا بۆ ئەوەی ڕێ خۆش بكرێت میلیشیاتی حەشدی‌شەعبی دروست بكرێت؛ ئەوەتا سوننەش چاو لە ئەوان دەكەن و داوای هێزی تایبەت بە خۆیان دەكەن ئینجا لەژێر هەر ناوێكدا بێت."
Top