یەكێتی و گۆڕان هەوڵی گەڕانەوەی پەرلەمانتارەکانیان بۆ بەغدا دەدەن
تارق گەردی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە وەك فراكسیۆنی زەرد ئامادەی دانیشتنەكەی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو دەبین و لە چوارچێوەیەكی یاساییدا پێ لەسەر هەموو بابەتە كوردستانییەكان دادەگرین و دەخوازین هەموو لایەنە كوردییەكانیش لەسەر مافەكانی گەلی كورد، هاودەنگ بین ".
لە بەرانبەردا ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەتەوە و بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (PUKmedia)ی سەر بە یەكێتی نووسیویەتی "لە كۆبوونەوەكەدا پرسی گەڕانەوەی نوێنەرانی كورد بۆ بەغدا و كاروباری فراكسیۆنەكان، هەروەها پرسی پەیوەندییەكان تاوتوێ دەكرێت".
بەختیار شاوەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە لیستی یەكێتی، لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ لە ژمارەی ئەمڕۆ 10/7/2016 باسی لەوە كردووە: "ئەمڕۆ سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ هەردوو فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتی كۆ دەبێتەوە و لە كۆبوونەوەشیان ڕێنماییان لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وەرگرتووە".
د.عومەر نوورەدینی، پسپۆڕی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لەبارەی كێبڕكێی گەڕانەوە بۆ بەغدا كە چەند لایەنێكی كوردستانی دەیكەن بۆ باسنینوز گوتی: "ئەمە نیشانەی كارتێكی گەرەنتییە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراقی كە زامنی پاراستنی یەكپارچەیی عێراق دەكات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە پشێویی سیاسی لە كوردستان بوونی هەیە، ئەو لایەنانەی كە ئەم كارە دەكەن بە مەرجەعییەتێكی ڕاستەقینە ڕازی نین، كە پێویست دەكات هەموو ڕێگاكان كاركردن بێت بۆ ئەو هەنگاوانەی لە چوارچێوەیەكی كوردستاندا دەهاوێژرێن و پشتیوانی هاودەنگی كوردستانی بكرێت، تاكوو كورد لەبەردەم هەڕەشەكانی حكومەتی عیراقی بەهێزتر بێت ".
باسنیوز
