یەکگرتوو وەڵامی هێرشەکانی سەر عەلی قەرەداغی دەداتەوە

 یەکگرتوو وەڵامی هێرشەکانی سەر عەلی قەرەداغی دەداتەوە
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە کە لە لایەن هەندێک کەسەوە دەکرێنە سەر د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئیسلامی کە داوای کردبوو هاووڵاتییان بۆ گەشت ڕوو لە تورکیا بکەن.

پاش ئەوەی د. عه‌لی‌ قه‌ره‌داغی‌، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئیسلامی، پشتیوانی‌ی خۆی‌ بۆ ‌حكوومه‌تی‌ توركیا دەربڕی و بۆ ده‌رباز بوونی ئەو وڵاتە له‌ قەیرانی ئابوری کە بەهۆی شەڕەوە دووچاری هاتووە، داوای لە موسوڵمانانی جیهان کرد، پشووی ئەم هاوینەیان لە تورکیا بەسەربەرن. بەو هۆیەشەوە هەندێک کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە توندی هێرشیان کردە سەر و هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی چڕیش لە دژی بەڕێوە چوو.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 10\7\2016، ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەو هێرشانە بۆ سەر قەرەداغی، هێرشی ناڕەوان، کینەی ئایدۆلۆژی لەپشتەوەیە، بەو هێرشانەش لە کەسایەتی و بەهێزیی ئەو کەم نابێتەوە، بگرە زیاتریش دەبێت”. ڕوونیشی کردەوە: "عەلی قەرەداغی لە سەردەمی ئەنفالەوە لە ساڵی 1988، جێگاپەنجەی دیاربووە بۆ بەدەمەوەچوونی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانی بردووە بۆ ناوەندی عەرەبی".

ئەو سەرکردەیەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دووپاتی کردەوە: “هەڵمەتەکان لەدژی عەلی قەرەداغی ناڕەوان و دەیانەوێت لەبایەخی دڵسۆزیی ئەو کەم بکەنەوە". دەشڵێت: ”ئەگەر ئێمە کوردپەروەر بین، دەبێت دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان وەک یەک سەیر بکەین، چونکە داگیرکەرانی کوردستان وەک یەکن، لە کوێ گەلەکەمان سووکایەتی پێبکرێت، دەبێت بێینە دەنگ، بەڵام نادیدەکردنی پارچەیەکی کوردستان و هاتوهاوارکردن بۆ پارچەیەکی دیکە، بەشێکە لە ململانێیەکی ئایدۆلۆژیی سەقەت لەم وڵاتەدا”.











باسنیوز
Top