گۆڕان و یەکێتی بەیەک فراکسیۆنی ھاوبەش دەگەرێنەوە بەغدا

گۆڕان و یەکێتی بەیەک فراکسیۆنی ھاوبەش دەگەرێنەوە بەغدا
بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە فراکسیۆنێکی ھاوبەشەوە دەگەرێنەوە بەغدا و سەرکردایەتیی ھەردوو حزبیش بڕیار لەسەر ناو، سەرۆکی فراکسیۆن و پێکھاتەی ئەو فراکسیۆنە دەدەن.

رۆژی یەکشەممە 10ـی تەمموزی 2016، ھەردوو فراکسیۆنی گۆڕان و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆ بوونەوە و بریاریان دا ناوی فراکسیۆنە هاوبەشەکە بنێن فراکسیۆنی هیوا.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، ئەو فراکسیۆنە هاوبەشە ھاوپەیمانییە لەچوار چێوەی ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی ئەو ھاوپەیمانێتییەیە، کە پێشتر لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی کرابوو لە پەرلەمانی کوردستان.

فەرید ئەسەسەرد باس لەوەش دەکات، کە فراکسیۆنە هاوبەشەکەی گۆڕان و یەکێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ پارتی دەتوانێ بڕیاری خۆی بدات، ”چونکە ئێمە تائێستا لەبەغدا خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆمان بووین، بەڵام لەمەودوا لەگەڵ گۆڕان یەک بڕیاردەدەین".

رۆژی 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.

بەپێی رێککەوتنەکە، ھەردوو حیزب لەپرسە سیاسییەکانی عێراق ‌و ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگیی لەگەڵ یەکتر دەکەن‌، لە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان فراکسیۆنی هاوبەش پێک دەهێنن.

یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق خاوەنی 21 کورسییە و گۆڕانیش خاوەنی نۆ کورسییە، بەو ھاوپەیمانییەش دەبنە گەورەترین فراکسیۆنی کوردی لەپەرلەمانی عێراق، کە پێشتر پارتی بە 28 کورسی یەکەم کوتلەی کوردی بوو لەپەرلەمانەکە.











باسنیوز
Top