سەرکردەیەکی پارتی: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نەخۆشیی دەروونی بەرامبەر بە پارتی هەیە

سەرکردەیەکی پارتی: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نەخۆشیی دەروونی بەرامبەر بە پارتی هەیە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە توندی وەڵامی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە قسەکانی ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، گوزارشت لە بۆچوونی ئەو حزبە ناکات.



ئەمڕۆ شەممە 10\7\2016، ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: ئێمە قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە هەڵوێستی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نازانین، شاناز خان لەمێژە بۆچوونەکانی لای پارتی ڕوونە، دژایەتیکردنی پارتی و ئەزموونی ئەو هەرێمە دەکات“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان زۆر جار ئەم جۆرە هەڵوێست و بۆچوونانەیان لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بیستووە و گوتی: ”شاناز خان نەخۆشییەکی دەروونی بەرامبەر بە پارتی هەیە، ئەمەش بۆ مێژووێکی کۆن دەگەڕێتەوە و حیسابیش بۆ قسەکانی ئەو ناکەین، تەنانەت یەکێتیش زۆرجار جەختی لەوە کردووەتەوە کە قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد گوزارشت لە بۆچوونی یەکێتی ناکات“.



ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”هەموو بابەتەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی پەرلەمان و دۆخی سیاسیی کوردستان، پەیوەستن بە مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییەوە، لای پارتی ئەمە لە ڕێزبەندیی یەکەمە و هەر شتێک دەکرێت، دەبێت بۆ ئەوە بکرێت کە ئێمە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەکەین“.



پێشتر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاندبوو، ئەگەر شاندەکەی یەکێتی بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان سەردانی پارتی دەکات، ئەوا پێویست ناکات بگەڕێنەوە و هەر لەوێ ببنە ”ڕاوێژکار“.




باسنیوز
Top