هەرێمی کوردستان 58 بەندکراو ڕادەستی ئێران دەکاتەوە

 هەرێمی کوردستان 58 بەندکراو ڕادەستی ئێران دەکاتەوە
لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا زیندانییەكان ئاڵوگۆڕیان پێ دەكرێت و بەڕێوەبەری چاكسازیی گەورانی سلێمایش دەڵێت، 63 زیندان لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕیان پێ كراوە.



شێركۆ عارف، بەڕێوەبەری چاكسازیی گەورانی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 2016 -7 -10 ڕاگەیاند: "ژمارەیەك هاووڵاتی ئێران كە لە هەرێمی كوردستان بە چەند ماددەیەكی جۆراوجۆر دەستگیر كراون، لە زیندانییەكانی هەرێم دان.



گوتیشی: "ژمارەیەك لە هاووڵاتی ئێران لە گرتووخانەی چاكسازیی گەورانی سلێمانی زیندان كراون و دەستبەسەرن، لەگەڵ ئەوەشدا چەند هاووڵاتییەكی هەرێم لە ئێران لە زیندانن، بەڵام دوای ئەوەی ڕێككەوتنێك كرا، دەست كرا بە ئاڵوگۆڕی ئەو زیندانانە".



ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد تا ئێستا لە نێوان هەرێم و ئێران 63 زیندان ئاڵوگۆڕیان پێ كراوە، لەو ژمارەیەش 5 زیندانیش بۆ تەواوكردنی ماوەی زیندانییەكەیان لە ئێرانەوە بۆ هەرێم گەڕێنرانەتەوە، هەروەها 58 بەندکراویش بۆ تەواوكردنی ماوەی زیندانەكەیان لە هەرێمەوە بۆ ئێران گەڕاونەتەوە.



ڕاشیگەیاند: "ئێستا 34 بەندکراوی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان و لەناو چاكسازیی گەورانی سلێمانی ماون و بڕیارە لە داهاتوودا ئەوانیش ڕەوانەی ئێران بكرێنەوە".






باسنیوز
Top