لە هەولێر شەڕەتەقە لەنێوان دوو بنەماڵە دروستدەبێت

 لە هەولێر شەڕەتەقە لەنێوان دوو بنەماڵە دروستدەبێت
لە گەڕەکێكی هەولێر، شەڕەتەقە لەنێوان دوو بنەماڵە دروستدەبێت و بەهۆیەوە دوو کەس بە فیشەك بریندار دەبن.

رۆژی 8-7-2016 لە گەڕەکی سەروەرانی شاری هەولێر، شەڕ لەنێوان ماڵێکی کورد و ماڵێکی عەرەب دروستدەبێت، لە شەڕەكەدا کەسێک بەناوی (عەتا محممەد) برینداربووە، كەسێكی دیكەش کە زاوای ئەو ماڵە عەرەبەیە، برینداربووە.

شەهاب محەممەد، برای عەتا محەممەد سەبارەت بە چۆنیەتی رووداوەکە راگەیاند " دەمەقاڵێ لەنێوان ماڵی براکەم و ماڵێكی عەرەب دروستبووە، دوو کەس لە شەڕەكەدا برینداربوونە، یەکێکیان برای منە و تەمەنی 48 ساڵە، ئەوەی دیکەش زاوای ماڵە عەرەبەکەیە و کوردە".
هەروەها شایەتحاڵێکی رووداوەکە راگەیاند " ماڵێکی عەرەب بە گەلەکۆمەیی هێرش دەکەنە سەر ماڵە کوردێکی هاوسێیان، ئۆتۆمبێلەکەی دەشکێنن و تەقەی لێدەکەن، دواتر کوردەکە بریندار دەکەن".

ئەو شایەتحاڵە گوتیشی"دواتر شەڕەکە گەورهدەبێ و کەسێکی دیکەش بریندار دەبێت، ئێستا کوردەکە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوایە و عەرەبەکەش لە نەخۆشخانەی ئێمێرجنسییە، کەسێک لەلایەنی ماڵە عەرەبەکە دەستگیرکراوە، ئێستا دۆسیەکە لە بنکەی پۆلیسی ئاشتی-یە".ئاماژەی بەوەشدا " دەگوترێت شەڕەکە بەهۆی زبڵ و خاشاک و جۆگەی بەر دەرگە بووە".
Top