ڕێکخەری سەنتەری میترۆ: بەرپرسی ئەو هێزانەی تیمەکانی (زاگرۆس و پەیام)یان دەستبەسەر کرد کادیری گۆڕانن
ئەمڕۆ شەممە 9\7\2016، ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، تایبەت ڕایگەیاند، ئەو دوو هێزەی دوێنێ هەینی 9\7\2016 لە شاری سلێمانی و لەکاتی خۆپیشاندانی خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند)، لە شوێنی ڕووداوەکە بوون و دوو تیمی ڕۆژنامەوانییان دەستبەسەر کرد، پۆلیسی 104 و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بوون. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بەڕێوەبەری هەردوو هێزەکە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانن“.
ڕەحمان غەریب داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان کرد، ڕێنمایی کادیرەکانی خۆی لە نێو دەزگای جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستان (حکوومەت) بکات، بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ پێشێل نەکەن و ڕێز لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری بگرن.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو ڕووداوەی دوێنێ نیگەران بووە و بەرپرسانی یەکێتی هەست بە ئیحراجی دەکەن، چونکە پێیانوایە کە ئەو هەڵسوکەوتەی کادیرەکانی گۆڕان لە نێو دەزگا ئەمنییەکان، قسەکانیان لەبارەی ئازادیی میدیایی بەتاڵ دەکاتەوە، بەڵام لەبەر ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان، چاوپۆشییان لەم بابەتە کردووە.
باسنیوز
