گۆڕان و یەکیتی تەنازولی بەغدایان پێ باشترە لەئاشتەوایی و سەربەخۆیی کوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەفەرمی ئەوەی راگەیاندووە هیچ باوەڕێكی بەحكومەتی ناوەندی عێراق نەماوە، پێی وایە ئێستا فرسەتێك بۆ ریفراندۆمو سەربەخۆیی هاتووەتە پێشەوە، هەرچی گۆڕانو یەكێتیشە بەناوەختی دەزانن هەرێمی کوردستان داوای سەربەخۆیی بکات و لەعێراق جیابێتەوە.
لەئێستادا دوو ئاڕاستە لەهەرێمی كوردستان هەیە كە یەكێكیان دەیەوێت هەولێر لەبەغدا دوور بخاتەوەو داوای سەربەخۆیی دەكات كە پارتیو هاوپەیمانەكانی بەرگری لێ دەكەن، ئاڕاستەكەی تریشیان كە یەكێتیو گۆڕانو هاوپەیمانەكانیانن لەگەڵ ئەوە نین.
عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات هەرجۆرە گەڕانەوەیەك بۆ بەغدا بەبیانوی قەیرانی دارایی "خیانەتە لەگەلی كورد"و بە"نیقاش"ی وت "ئێستا فرسەتێكی گەورە هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی جیابینەوە، ناكرێت جارێكی تر هەرێم بگێڕینەوە بۆ عێراقێك كە لەسەر ئەرزی واقیعدا بوونی نەماوە، نەك بچین هەرێم یان شارێكی وەكو سلێمانی بدەینە دەست بەغدا".
دەشڵێت "هەندی لایەنی سیاسی هەرێم هەن دەیانەوێت سلێمانی بخەنەوە دەست دیكتاتۆرێكی تر كە بەغدایە، دڵنیام خەڵكی سلێمانی لەو لایەنانە قبوڵی ناكەن هەرێم پارچە پارچە بكەن".
پارتی ئەوەی بڕاندوەتەوە كە جارێكی تر هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام گۆڕانو یەكێتی بەبیانووی قەیرانی دارایی وەک ئەوەی خۆیان بەشێک نەبن لەحکومەتی هەرێم دەیانەوێ کوردستان گەرێننەوە باوەشی بەغدا.
ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی لەماوەی چوار مانگی رابردوودا دووجار سەردانی بەغدای كردوەو لەگەڵ عەبادیدا كۆبووەتەوە كە دواهەمینیان رۆژی 19ی حوزەیران بوو، بەڵام تاكو ئێستا پارێزگاری هەولێرو دهۆك هیچ سەردانێكی بەغدایان نەكردوە.
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری كورد رونیدەكاتەوە ئەوەی دەبینرێت مامەڵەی هەولێر لەگەڵ بەغدا بەرەو سەربەخۆیی کوردستانەوسلێمانیش گەرانەوەیە بۆ بەغدا، ئەوەش بەكارێكی زۆر خراپ ناودەباتو پێیوایە هەرێم دەباتەوە بۆ دوو ئیدارەیی.
