نازم كەبیر: كەس ناتوانێت ڕێگری لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بکات
ئەمڕۆ شەممە 9\7\2016، نازم کەبیر، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: هەڕەشەکردن لە ئاسایش، شەرمەزاری و ڕووڕەشی بە دواوەیە، چونکە ئاسایش ئاسایشێکی نیشتمانییە. هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی ئەمنیی زۆر گەورەیە، ئەوەی هەرێمی کوردستانی بردووەتە ئەم پێگە گەورەیە، پێگە بەرزەکەی ئاسایشە. ئێستا هەندێک لایەن کە مەرامێکی سیاسیی تایبەتیان هەیە، دەست بۆ ئەم مەسەلەیە دەبەن، بەڵام بۆ خۆیان زیان دەکەن، چونکە هەموو خەڵکی کوردستان شانازی بە ئاسایشی هەولێرەوە دەکەن“.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە، ئەو کەسەی ئاسایشی پارێزراوە، خۆی بەرگری لە ئاسایشی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکات، هەر لەکەدارکردنێک بەرامبەر بە ئاسایش لە هەر لایەکەوە بێت، قەبوڵ ناکرێت و بە هێڵی سوور دادەندرێت، وەک ئەو گوتی.
نازم کەبیر ئەوەشی ئاشکرا کرد: ئەوانەی ئێستا نکۆڵی لە سەرکەوتنی هەوڵەکانی سەربەخۆیی دەکەن، بەهیچ شێوەیەک بە مەرامی خۆیان ناگەن، ناتوانن ڕێگری لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بکەن. بەهیچ شێوەیەک ناتوانن ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج. ناکرێت بۆ مەرامێکی سیاسی هەوڵی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان یان لەکەدارکردنی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت. ئێمە خوێنێکی زۆرمان ڕشتووە و تەنیا بە سەربەخۆیی کوردستان دەتوانین قەرەبووی ئەو خوێنەمان بکەینەوە“.
باسنیوز
