کوردستانی ڕۆژهەڵات.. لە یەک هەفتەدا زیاتر لە 20 چالاکوان دەستەبەسەر کراون
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، زیاتر لە 20 چالاکوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی ئێران و سوپای پاسداران لە شارەکانی ڕۆژهەڵات، بەبێ هیچ بەڵگە و هۆیەک دەستی کردووە بە شەپۆلی گرتنی چالاکوانی سیاسی، مەدەنی و بەتایبەت گەنجان و کۆمەڵێکی دیکەشی بانگهێشتی ئیتلاعات کردووە.
هەندێ لەو دەستگیرکراوانە بنەماڵە و کەسوکاریان لە شوێنی ڕاگیران و دۆخیان هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان لەبەدردەستدا نییە.
ناوی هەندێ لە گیراوەکان بریتییە لە "فەتاح پوور ئەحمەد، سەید لوقمان ئەمینی، لوقمان عەزیزی، سەید جەلال مەحموودی، سەدیق با ئیکرام و یەعقووب با ئیکرام هەموویان خەڵکی، هەروەها مستەفا سوڵدوزی، سیروان مستەفایی، ئەمیر عەبدوڵڵازادە، ڕەحیم ئیسماعیلی، خۆشناو ئیسماعیلی هەموویان خەڵکلی مەهاباد، عەلی سورخی، دانیشتووی بۆکان، خەبات مەولوودی، ئەڵماس ڕەزایی، سەروەر مورادی، دانیشتووی کامیاران و ئاوات شەریفی، خەڵکی سەقز، ناسح عەلیخانی، ڕەسووڵ عەلیخانی، ئەبووبەکر عەلیخانی و عومەر عەبدوڵڵاپوور دانیشتووی سەردەشت، ئەمانە ناوی کۆمەڵیک لەو کەسانەن کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
هاوکات لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە لە نێوان هێزی پێشمەرگی حزبی دیموکرات و سوپای پاسداران شەڕ و تێکەهەڵچوون ڕووی دا، جیا لەوەی کە شەپۆلی دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕووی لە زیادبوون کردووە، ڕێوشوێنێ توندی ئەمنی و سەربازی بەسەر شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتدا زاڵە، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە پەیوەندیی تەلەفۆنی هاووڵاتیان بە توندی کۆنترۆڵ دەکرێت و تەنانەت بەربەستی زۆر بۆ پەیوەندیی ئەنتەرنێتیی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵات دروست بووە.
باسنيوز
