سلیمان عەبدوڵا یونس: واباشە یەکێتی و گۆڕان بارزانی لە کێشە لۆکاڵییەکان بەدەر بکەن
سلێمان عهبدوڵڵا یونس، ئەندامی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەوتارێکدا لەژێر ناونیشانی (بارزانی و جەژنە گەورەکە)دەنووسێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغو قەیرانە گرنگە بارزانی بەدەربكرێت لەململانێ لۆكاڵیەكان، بەڵام ئەم پێناوە هەر بەتەنها بەهوتافو هەڵكێشانی پارتیەكان بەدەست نایەت، بەڵكو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو گەلو هێزو حەشامەتەشی دەوێت كە لەبەر هەر هۆكارێكە، بارزانی بەسەرۆكی خۆیان نازانن!.
ئەو کادیرەی یەکێتی پێی وایە، پارتیەكان خۆیان، هۆكاری تێوەگلانی بارزانی بوون بەكێشە لۆكاڵیەكانەوە، ئەگینا وێڕای ڕێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی، خۆ گۆڕانو ئیسلامیەكانیش، بەڵێنی چوار ساڵی ئارامیو سەرخستنی حكومەتی بنكەفراوانیان بەڵێنێكی جدی بوو.
سلێمان عهبدوڵڵا ئەوەش دەخاتەڕوو: بڕوام وایە بەڕەهایی لەبەرژەوەندی خەڵكو خاكی كوردستان دەبێت، ئەگەر سەركردەی هێزە سەرەكیەكانی كوردستان لەسەرووی هەموویانەوە نەوشیروان مستەفاو ڕێبەرانی یەكێتی، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانو قۆناغە، بتوانن بارزانی بەدەر بكەن لەململانێكانو وەكو سەرۆكێكی پێویستی ئەم قۆناغە، سازانو كۆدەنگی سیاسی لەسەر دروست بكەنو پۆستو پێگەی ئەو، بەهیچ مەرجو شەرتێكی سیاسی (ڕەواو ناڕەواوە) گرێ نەدەن!.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی پێی وایە، گەل چاوەڕێی جەژنانەیە، بەڵام جەژنانەیەكی جیاواز. بۆ ئەوەی هەموان جەژنانە جیاوازە گەورەكە ببینن، پێویستە هەرنەبێت لەم جەژنەدا بارزانیو نەوشیروان مستەفاو ڕێبەرە سیاسیەكانی تری كوردستان، لەودیوی تخوبەكانی پارتایەتی تەسكو ململانێ لۆكاڵیەكانی ئێستاوە، ڕوو لەگەلو خەڵكو خوای هەرێمەكەی بكەنو جەژنانە گەورەكە ببەخشن!.
باسنيوز
