نێچیرڤان بارزانی: هاوسۆزی كەسوكاری قوربانیانی بەغداین
ئەمە دەقی پەیامەكەیە :
بۆ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق
تەقینەوە تیرۆریستیەكەی داعش لە بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە ٣/٧/٢٠١٦ لە ناوچەی كەڕادەی شاری بەغدا، كارەساتێكی زۆر گەورەی لێكەوتەوە و لە ئەنجامدا ٢١٣ كەسی سڤیل شەهید بوون و ژمارەیەكی زۆریش بەسەختی برینداربوون. بەو بۆنە خەمناكەوە سەرخۆشی لە خۆمان و ئێوەی بەڕێز و هەموو گەلی عێراق دەكەین و هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵ كەسوكاری قوربانیان دەردەبڕین. بەڕاستی ئەم كردەوە تیرۆریستییە كارەساتێكی گەورەیە و لە خوای مەزن داواكارین دڵنەوایی بداتە هەموو لایەكمان و بریندارانیش بەزوویی چاك ببەنەوە.
تیرۆر و تیرۆریستان جگە لە دڕەندەیی و ڕەشەكوژی و پێشێلكردنی بنەما مرۆڤایەتییەكان، هیچ باوەڕێكی دیكەیان نییە، هەربۆیە هاووڵاتیانی سڤیل لە مانگی ڕەمەزان و لەكاتی خەریكبوون بە پەیداكردنی بژێوی خێزانەكانیان، دەكەنە ئامانج. بەغدا جارێكی دیكە دوای چەند پایتەختێكی دیكە، بووە ئامانجێكی گەورەی تیرۆریستان. لە كاتێكدا هەموو مرۆڤایەتیی لەبەردەم مەترسیی گەورە و بێسنووری تیرۆردایە، هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە لە هێڵی پێشەوەی تێكشكاندن و نەهێشتنی مەترسیدارترین رێكخراوی تیرۆریستیدان لە جیهان، كە ئەویش ڕێكخراوی داعشە .
لەنێوبردنی ئەو مەترسییە گەورەیە و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، پێویستی بە هەماهەنگیی تەواو و بەرفروانە، چونكە هێشتا مەترسییەكە زۆر گەورەیە و ئۆپەراسیۆنی گەورەتریش لەبەردەم هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەدا ماون بۆ لەنێوبردنی داعش لە كوردستان و هەموو عێراقدا. دەبێ ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی كە خەڵكی سڤیل دەكەنە ئامانج و كارەساتی گەورەی لێدەكەوێتەوە، ببێتە هۆكار یەكگرتووییمان لەبەرامبەر تیرۆرستان بەهێزتر ببێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
٤/٧/٢٠١٦
KDP
