پێشمەرگە هێرشێكی داعشی لە خورماتوو تێكشكاند
عەبدوڵا بۆر، فەرماندەی میحوەری سێی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە خورماتوو راگەیاند، كاتژمێر 6:20 ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە چەكدارانی داعش هێرشیانكردۆتە سەر گوندەكانی تەلعەمە و ئەلبوسەبر.
گوندەكانی تەلعەمە و ئەلبوسەبر دەكەونە سنوری خورماتووە و لە ئێستاشدا فەوجی چواری لیوای 116ی سۆرانی هێزی پێشمەرگەی لێجێگیرە.
عەبدوڵا بۆر وتی "چەكدارەكان توانیان بێنە چەمی روخانە كە نزیكە لەهەردوو سەنگەرەكەوە، لەوێشەوە تەقەیان لە پێشمەرگە كرد، پێشمەرگەكانیش وەڵامیان دانەوە و پاشان چەكدارەكانی داعش هەڵهاتن".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرایكرد، داعش لەو هێرشەدا چەكی قەناس و بی كەی سی بەكار هێناوە و بەو هۆیەشەوە دوو پێشمەرگە بەناوەكانی هیمدات وەسمان و سابیر مستەفا بریندار بوون و تا ئێستاش زیانەكانی داعش نەزانراوە.
ناوەڕاستی مانگی رابردووش، چەكدارانی داعش هێرشیان كرده سەر حەشدی شەعبی لەسنوری خورماتوو، توانیان بۆ ماوهیهك بچنه ناو گوندهكانی زەنجەلیو عەبودو پیر ئەحمەد كە ئەمنیەتی بەدەست چەكدارانی حەشدی شەعبیی-ەوەیە، دواتر هێرشیان كرده سهر سهنگهرهكانی پێشمهرگه، بەڵام هێرشهكهیان لەلایەن پێشمەرگەوه تێكشكێنراو لەو گوندانە دەركران.
بەهۆی ئەو هێرشەوە، 15 پۆلیس و ئەفسەری پۆلیس كوژران و سێ پێشمەرگەش شەهید بوون، هەروەها چەندین چەكداری داعش كوژران.
