عەبدوڵا ئاکرەیی: ئێران بە فەرمی داوای لێبوردنی لە ھەرێم کردووە
بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و ئێران (عەبدوڵا ئاکرەیی) ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم و هەردوو کونسووڵەکەی ئێران لە ھەرێمی کوردستاندا، بە فەرمیی داوای لێبوردنی وڵاتی ئێرانیان گەیاندە ھەرێم لەبارەی ئەو ھەڕەشانەی کردوویانە و، باسیان لەوە کرد ئێمە مەبەستمان لەو ھەڕەشەیە ھەرێم و خەڵکی ھەرێمی کوردستان نەبووە؛ ھەرێم دۆستی ئێمەیە و، نامانەوێت سەقام و ئاسایشی ھەرێم تێک بچێت و، پارێزگاریی لێ دەکەین."
(عەبدوڵا ئاکرەیی) گوتیشی، باس لەوەشکرا ئەوکۆمیتەی بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە دروست کراوە پێویستە چاوەرێی ئەنجامەکانی بکەین،کە رەنگە بەھۆیەوە کۆتایی بە کێشەکان بێت و دۆخەکە ئارام بێتەوە.
(ئاکرەیی) ڕوونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لەوەش کرد، تۆپخانەی ئێران زیانی زۆری داوە لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان؛ کێشە ئاوەها چارە ناکرێ؛ لایەنی ئێرانی دەڵێ گوایە مەبەستیان زەرەردان لە ھەرێم نەبووە و، بەرگرییان لە خۆیان کردووە.
