چەند ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنێکی ئیسلامییەکان داخران
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا نزیكەی ١٠ كەناڵ و ڕادیۆ و ڕۆژنامەمان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە داخستووە، ئاخر نەک هەر مۆڵەتیان نەبوو، خەڵکیشیان فێرە توندڕەوی دەکرد و، ئاژاوەیان دەنایەوە."
گوتیشی: "ئیسلامییەکان، ٣٠ ڕادیۆ و ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنیان لە كوردستاندا هەیە؛ ئەوانە مۆڵەتیان هەیە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەڵام چەند دانەیەكیان گومانیان لەسەرە، زانیاریمان لەسەر كۆكردوونەتەوە كە بەشێك لەوانە هانی توندڕەوی دەدەن، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیریدا لیژنەیەكمان پێك هێناوە بۆ چاودێریكردنی ئەو كەنالانە، ئەگەر بزانین دنەی خەڵک دەدەن، ئەوا جگە لەوەی مۆڵەتەكەیان لێ وەردەگرینەوە، دەیشیاندەینە دادگا.
نەقشبەندی ئەوەشی گوت: "سبەی ئێوارە (٤/٧، لە دیوانی وەزارەتدا كۆ دەبینەوە؛ لیژنەی بینینی مانگ هەیە و لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان چاودێریی مانگ دەكەین و بڕیار دەدەین كە ٥/٧ دەبێتە جەژن، یان ڕۆژی ٦/٧، ئەگەر ئێوارەی ڕۆژی ٤/٧ مانگ دیترا كەواتە ڕۆژی ٥ی مانگ كە دەكاتە ڕۆژی سێشەممە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە، بەڵام ئەگەر ئەو ئێوارەیە مانگ نەبیندرا، ئەوا ڕۆژی ٦ی مانگ دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە و ئەوەی تا ئێستا باس دەكرێت هەمووی پاشبینییە و ئێمەیش وەك وەزارەتی ئەوقاف پشت بەو پاشبینیانە نابەسین".
KDP
