مامۆستایەکی زانکۆ: مالیکی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستانی قۆستووەتەوە

مامۆستایەکی زانکۆ: مالیکی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستانی قۆستووەتەوە
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق باسی لەوە کرد ئەوان دژی دابەشبوونی عێراقن و لایەنی کوردیش ھەیە دژ بە ڕیفڕاندۆمە، مامۆستای زانکۆ و پەرلەمانتارێکی پێشووی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکان کۆ ببنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (3/7/2016)، د.عومەر نورەدینی مامۆستای زانکۆ و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە بارەی ئەو لێدوانەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ (BBC) ڕایگەیاندبوو دژی دابەشبوونی عێراقن، ڕایگەیاند: "نوری مالیکی لەناو شیعەی سیاسیی عێراقدا ڕەمزی عەقڵیەتێکی سیاسییە کە دژی ھەر بەرەوپێشڤەچوونێکی ھەرێمی کوردستانە، دەیەوێ ھەرێمی کوردستان گەمارۆ بدات و بچووکی بکاتەوە، ئەوەش دەزانێ کە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش ڕێفڕاندۆم و بەرەو سەبەخۆیی چوون و شکاندنی بازنەی فیدڕاڵیەت بووەتە پرسێکی جدی".

وەک ئەو مامۆستایەی زانکۆ باس دەکات مالیکی ھەستی کردووە لە ژینگەی سیاسیی ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا گرفت ھەیە، ئەوەی قۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی وەکوو چەکێک دژی ھەرێمی کوردستان بەکاری بێنێت، بەتایبەت بەشێک لە پارت و لایەنە سیاسییەکان، سیاسەتی حزبی و نەرێنیان لەگەڵ بەغدا کردووە، کە ئەوەش پێش بە ئەنجامگەیاندنی گوتاری سەربەخۆخوازی لەھەرێمی کوردستان دەگرێت.

گوتیشی: "پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان پەرداخە ژەھرەکە بخۆنەوە، بەو مانایەی بەرژوەندی باڵای ھەرێمی کوردستان وا دەخوازێت کە بەرژەوەندی حزبی وەلابنێن و یەکدی قبووڵ بکەن".










باسنیوز
Top