پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان داوای لادانی بارزانی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 3\7\2016، تاڤگە ئەحمەد، پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بە ماڵپەڕی (ئەلمەعلومە)ی عێراقی ڕاگەیاندووە، داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی، بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستێوەردان لە هەرێمی کوردستان بکات و بارزانی لە پۆستەکەی لابدات.
لە بەرامبەردا ڕێناس جانۆ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: “ڕێگا بەکەس نادرێت بیەوێت لە پەنجەرەی عێراقەوە بێتەوە هەرێمی کوردستان، ئەگەر بابەتەکە شەرعیەت بێت، ئەوە دەبێت ناوەند شەرعیەت لە کوردستانەوە وەربگرێت”. جەختیشی لەوە کردەوە: “ڕاستە بەپێی دەستوور ئێمە بەشێکین لە عێراق، بەڵام مەرج نییە ئەوەی لە دەستوور هاتووە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، ئەوا بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان زۆر پێشێلکاری کردووە". باسیشی لەوە کرد کە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پرسێکە تەنیا پەیوەندی بە گەلی کوردستانەوە هەیە.
جانۆ ئەوەی ئاشکرا کرد: “ئەوانەی لە دەرگای بەغداوە دەیانەوێت فشار لەسەر پارتی یان بارزانی دروست بکەن، لێرەوە پییان دەڵێم دڵنیا بن سەر ناگرێت”.
هاوکات شیرین ڕەزا، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: “تاڤگە ئەحمەد لە دەرەوەی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانە و ئازادە هەر چۆنێک بیر بکاتەوە، بەڵام فراکسیۆنی گۆڕان بیر و بۆچوونی تایبەتیی خۆی هەیە و لە ڕێگای فراکسیۆنەوە ڕادەگەیەنرێت”.
لە لایەن خۆیەوە، چاودێرێکی سیاسی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: “هەرچەندە گۆڕان دەمێکە خۆی لەو پەرلەمانتارەی بێبەری کردووە، بەڵام پرسی بەناوەندگرتنی بەغدا و گەڕانەوە بۆ بەغدا، وەک ستراتیژ لە لای گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەیر دەکرێت کە ڕەنگە هەر ئەو ستراتیژەش بێت کە تاوەکوو ئێستا تاڤگە ئەحمەد لەسەری دەڕوات”.
باسنیوز
