“ئەوانەی دژی سەربەخۆیی کوردستانن دەتوانن لەگەڵ عێراق بمێننەوە”

“ئەوانەی دژی سەربەخۆیی کوردستانن دەتوانن لەگەڵ عێراق بمێننەوە”
پرسی سەربەخۆیی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ گەرمتر باسی لێوە دەکرێت، لەناو کوردستانیش هەندێک کەس و لایەن بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، پێچەوانەی سەربەخۆیی قسە دەکەن و نایانەوێت کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بۆیە هەوادارانی سەربەخۆیی، ڕێگاچارە بۆ ئەو کەسانە دەدۆزنەوە.

دوای هێرشەکەی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان لە هاوینی 2014، تەنیا سنوورێکی تەسک لە نێوان دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە کەرکووکیشەوە مایەوە کە پێشمەرگە سەرجەم سنوورەکانی پاراستووە، ئەمەش کوردانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهاندا بۆ سەربەخۆیی بەتینتر کرد، لەگەڵ ئەوەش، هەندێک سەرکردە و لایەنی سیاسی بە ئاشکرا یان بە نهێنی، دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و نایانەوێت کوردستان ببێتە دەوڵەت، بۆ ئەمەش، نیشتمانپەروەرانی کورد، چارەسەر دەدۆزنەوە و بەردەوام بەراورد لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان و ساتەوەختی جیابوونەوەی چیک و سلۆڤاکیا لە یەکتر دەکەن کە ئەوسا، بەشێک لە سلۆڤاکییەکان دژی سەربەخۆیی بوون و لەگەڵ دەوڵەتی چیک بە ئاشتییانە مانەوە.

لەمبارەیەوە بەختیار حەیدەر، پارێزەر و یاساناسی ناسراو لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “سەرجەم خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی کوردستان دان، لە هەمان کاتدا ئەگەر هاتوو گرفتێک هەبوو، ئەوە لەسەر ئاستی حزبەکانە نەک پرسی نەتەوەیی”. ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر لە حاڵەتێکدا بابەتێکی وا هاتە پێشەوە کە لەناوخۆی کوردستاندا ئاراستەیەک لە دژی دەوڵەتی کوردستان بوو، ئەوا: “دوو ڕێگا هەیە، یەکەم: ئەوانە دەکرێت دەنگ بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان نەدەن، ئەو کاتە بەپێی ڕێژەی دەنگ دەردەکەوێت کە زۆرینە لەگەڵیەتی یاخود نا؟ ئەگەر زۆرینە لەگەلی نەبوو، ئەوە دەبێت قبوڵی بکەن کە پێموایە ئەمە لە کوردستان ڕوونادات، چونکە ڕاستە ئێستا بەهۆی گرفتی دارایی و قەیرانی سیاسی، خەڵکانێک پێیان وابێت کاتی ئەو بابەتە نییە، بەڵام لە بنەڕەتدا باوەڕم وانییە کەس لە دژی ئەو پڕۆژەیە بێت".

بە بڕوای بەختیار حەیدەر، ڕێگای دووەم بریتییە لە: “ئەگەر هاتوو شتێکی وا ڕوویدا، ئەوە پێشبینی سەرکەوتنی لێ ناکرێت، چونکە ئەو کەسانەی کە لەدژی دەوڵەتی کوردستان دەبن، یا دەبێت لەگەڵ بەغدا بمێننەوە، یان دەبێت خۆیان بخەنە سەر لایەکی دیکە کە ئەوە پرسیارە و دەبێت خۆیان وەڵامی بدەنەوە، لە ئەگەری دووەم، مانەوەی لەگەڵ بەغدا، پرسیاری زۆر جددی و قووڵ هەڵدەگرێت، چونکە تۆ دەکرێت لە سەر خاک و وڵاتی خۆت باز بدەیت و بچیت مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین، دواتر چۆن ئەو مامەڵەیە دەکرێت؟".

لایەنگرانی سەربەخۆیی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەردەوام رێگاچارەی جۆراوجۆر بۆ دوای سەربەخۆیی دادەنێن، ئەوان باس لەوە دەکەن کە ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی ئێستا لە کوردستانن و دوای سەربەخۆییش لە کوردستاندا دەمێننەوە، دەکرێت ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی کوردستانیان پێ بدرێت و وەک هاووڵاتیی دەوڵەتی کوردستان تەماشا بکرێن، لە هەمان کاتدا، ئەو کوردانەی کە نایانەوێت لە دەوڵەتی کوردستان بن، بچنە بەغدا و لەگەڵ ئەواندا بە ڕەگەزنامەی عێراقی بژین.

لە لایەن خۆیەوە، مومتاز حەیدەری، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، ڕا بگەیاند: “دەبوو ڕۆژی ئاڵای کوردستان یان ڕۆژی جلی کوردستان بکرابایە بە ڕۆژی ڕیفراندۆم و ئێستا ئەو بابەتە کۆتایی هاتبوو. باوەر ناکەم کەسێک لە کوردستان هەبێت یان لایەنێک هەبێت کە دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بێت و لەدژی دەوڵەتی کوردستان بوەستێتەوە”. ڕوونشی کردەوە: “عەبادی و مالیکی و جەعفەری داگیرکەری خاکی کوردستانن، ئەوانە ناتوانن خۆشەویست بن لای خەڵکی کوردستان، بۆیە دەبێت ستراتیژیەتێکی تازە هەبێت بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان و ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردستان تا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین".

مومتاز حەیدەری پێشی وایە کە ئەگەر هاتوو دەوڵەتی کوردستان ڕاگەیەنرا، ئەوە دەبێت (کارتی کاتی)، بۆ ئەو عەرەبانە دروست بکرێت کە لە هەرێمی کوردستاندان. گوتیشی: “ئەوانەشی لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەت نین، حکوومەت دەتوانێت مۆڵەتی شەش مانگیان پێبدات، ئەگەر ڕازی نەبوون بەو پرسە، دەکرێت بنێردرێنە دەرەوەی سنووری ئەو دەوڵەتە”.









باسنیوز
Top