پەروێز ڕەحیم: ئێران بۆیە ھەڕەشە دەکات، ترسی بەدەوڵەتبوونی باشووری کوردستانی لێ نیشتووە

پەروێز ڕەحیم: ئێران بۆیە ھەڕەشە دەکات، ترسی بەدەوڵەتبوونی باشووری کوردستانی لێ نیشتووە
(پەروێز ڕەحیم) شاره‌زای زاستە سیاسییەکان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌، ئەم ھەڕەشانەی ئێران بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ پرسی بەدەوڵەتبوونی کوردستان (قووڵاییی ستراتیژی) دەوڵەتی داھاتووی کوردستانە، بۆیە بە بڕوای ستراتیژیستەکانی ئێران، دەبێت سوپای پاسداران ھەوڵ بدات بنەما و رەگەزەکانی ئەم قووڵاییە (ماددی و ناماددیی) لەناو ببات.

(سەردار حوسێن سەلامی) جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران،(1/7/2016) لە وتاری نوێژی ھەینیدا لە تارانی پایتەختی ئێران، ھەڕەشەی وێرانکردنی ھەرێمی کوردستانی لە حکوومەت و خەڵکی ھەرێمی کوردستان کرد.
پێوه‌ست به‌م پرسه‌، (پەروێز ڕەحیم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم پرس و ھەڕەشەیە زیاتر رەھەندی سیاسی و ئاسایشیی ھەیە بە بەراورد لەگەڵ ڕەھەندی یاساییدا، چونکە لە ڕاستیدا سەروەریی عێڕاق لەلایەک لەلایەن تورکیا و ھەروەھا داعش و لەلایەکی تریشەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوه‌ (لەو شوێنانەی کە بە ئاشکرا و راستەوخۆ ھێز دەنێدرێت) پێشێل کراوە. لەلایەک خودی دەوڵەتی عێراق توانای پاراستنی سەروەریی خۆی نییە و لەلایەکی تریشەوە عێراق لەو بەشەی کە لەژێر کۆنترۆڵی شیعەکاندایە، ئەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی زاڵە. بۆیە دەگوترێت (قاسمی سلێمانی) حاکمی راستەقینە و یەکەمی عێراقە! به‌گوێره‌ی ئه‌مه‌، بێجگە لە ڕووی یاساییەوە کە پێشێلکردنی سەروەریی ھەر دەوڵەتێک لە ڕووی یاساکانی نێودەوڵەتیی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ھێڵی سوورە، بەڵام لە رووی واقعیەوە واقعی عێراق شتێکی ترمان پێ دەڵێت؛ چونکە عێراقی شیعی بێجگە لە ناوچەی سەوز لە بەغدا، خۆی لەلایەن میلیشیا جۆرواجۆرەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە و ئەمه‌ریکایش ئەمەی تا تەواوبوونی مەترسیی داعش قه‌بووڵ کردووە. بەم مانایە کە عێراق لە ڕووی واقعیەوە سەروەریی نییە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەم ھەڕەشانە ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە عێراق بە تەواوی لەژێر ھەژموونی ئەودایە. بەڵام ئەوەی کە جیاوازە ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و زۆرانی تریش لە عێراق دابڕاوە(ھەرچەندە ئەوە بە فەرمی رانەگەیێندراوە). بۆیە زۆربەی لێکۆڵەران بە ستاتۆی ئێستای باشووری کوردستان دەڵێن (دەوڵەتێک لە ناو دەوڵەتێکی تردا (لەلایەکی تریشەوە ھەرێمی کوردستان پشتیوانیی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی جەنگی دژی داعشی ھەیە کە مەترسیی پلە یەکی ئاسایشییە بۆ ھەموو جیھان بە کردەیی و، ئەمەش کۆماری ئیسلامی تووشی کێشە کردووە، ھەرچەندە کۆماری ئیسلامی چاوی لە رابردووە (1996) کە بتوانێت ئەم ھەڕەشەیە جێبەجی بکات، بەڵام ئەمە لە ڕووی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆیی ئێران و ھەروەھا ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەلایەک و پرسی کورد لە ھەر چوار پارچە بە تەواوی جیاوازە."

(په‌روێز ڕەحیم) كه‌ مامۆستای زانستە سیاسییەکانه‌ لە زانکۆی سەڵاحەدین، زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ قسه‌ی كرد و گوتی: "لە ڕوانگایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامی زۆر ھەست بە مەترسیی ئاسایشیی دەکات کە لە ناوخۆی سنوورەکانیدا تووشی گرفتی ئاسایشی و سیاسی بێت، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵ دەدات ئەمە بخاتە خانەی ھەڕەشەی دەرەکییەوە و بۆیە بەم ھەڕەشەیە لەلایەک ئەم بزووتنەوەیە بە دەرەکی دادەنێت، نەک ھەڵقووڵاوی راستییە نەتەوەیی و سیاسییەکان، لەلایەکی تریشەوە بەم کارە گوشار دەخاتە سەر ھەرێمی کوردستان و پەیامی بۆ دەنێرێت کە ئەگەر ڕۆژێک دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی پێناسەکراوی کۆماری ئیسلامی بێت(بۆ نموونە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان) ئەوا ئەوکات باشووری کوردستانیش تووشی ئەو ھێرشە دەبێەوە".

ئەو شاره‌زایه‌ی سیاسه‌ت ڕوونی كرده‌وه‌: "پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ھەروەھا دەوڵەتی باشووری کوردستان، بۆ کۆماری ئیسلامی لە ناوچەیەکدا کە ھەموو دەوڵەتانی ناوچەکە کەوتوونەتە بەرەی دژەئێرانییه‌وه‌ وەکوو خاڵی لاوازی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوە، بەم پێیەش ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی ھەژمار دەکرێت. بۆیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بزانێت کە لەلایەن ھێزەکانی باشووری کوردستانه‌وه‌ ڕێگری لێ ناکرێت و ھەروەھا لەلایەن ھێزە کوردییەکانی رۆژھەڵات و خەڵکی رۆژھەڵات تووشی پێکدادان نابێت، ئەوا گوێی بە یاسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان نادات. بەڵام ئەگەر لەلایەن خەڵکی رۆژھەڵات و ھەروەھا ھێزەکانی باشوور و تەنانەت ھێزە ھاوپەیمانەکانەوە بەرپەرچی توند بدرێتەوە، ئەوا ئەم کارە ناکات. ھەروەکوو لە رابردوویشدا بینیمان کە لە سەردەمی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ساڵی(1998) لە مەزار شەریف کە چەند دیپلۆماتی ئێرانی لەلایەن تاڵیبانەوە کوژران و ئێران ھێزێکی (70)ھەزاری بردە سەر سنوورەکان، بەڵام سەره‌ڕای کوژرانی دیپلۆماتە ئێرانییەکان، ھیچ جەنگێک ڕووی نەدا. بۆیە ئێران دەیەوێت بە ھەموو شێوەیەک ڕێگە لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی شۆڕش لە رۆژھەڵات بگرێت، چونکە باش دەزانێت ئەوە سەرەتایەکی زۆر مەترسیدارە لە ئێرانێکی فرەنەتەوە و ئایین کە بە زۆری سەرکوت ئاسایش دەپارێزرێت و لە ناوچەکەش لە پەراوێزبوونێکی ژیۆپۆلێتیکی زۆر مەترسیداردایە. بۆیە کێشە ناوخۆییەکان بۆ ئێرانێک کە خۆی سەرچاوەی نائارامییە لە ناوچەکەدا، زۆر مەترسیدارە و پرسی کورد ھەمیشە بە گەرمترین پرسی ئاسایشی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ھەژمار دەکرێت."

(رەحیمی) ئاماژەی بە پرسێکیش کرد و گوتیشی "رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ پرسی بەدەوڵەتبوونی باشووری کوردستان (قووڵاییی ستراتیژی) ئەم ھەرێمە و دەوڵەتی داھاتووی باشووری کوردستانە، بۆیە بە بروای ستراتیژیستەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێت سوپای پاسداران ھەوڵ بدات بنەما و رەگەزەکانی ئەم قووڵاییە (ماددی و ناماددیی) لاواز بکات یان لەناوی ببات. چونکە تەنیا فاکتەرێک یاخود بەھێزترین فاکتەر کە بتوانێت ھەڕه‌شەکانی ئێران لە ئەگەری بەدەوڵەتبوونی باشووری کوردستان پووچەڵ بکاتەوە لەپاڵ فاکتەرەکان تریشەوە، ئەم قووڵایییە ستراتیژیکییەیە".










KDP
Top