نوێنەرە یەکێتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژایەتیی حکوومەت دەکەن

نوێنەرە یەکێتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژایەتیی حکوومەت دەکەن
نوێنەرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لێدوان لەدژی حکوومەت و سەردانە فەرمییەکانی حکوومەت دەدەن، پەرلەمانتارێک ئاماژە بە مەترسیی ئەو ئاراستە کارکردنە دەکات و داوا دەکات، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پشکی یەکێتی لە ڕووسیا و ئێران، بە پێچەوانەی ئاراستەی سیاسەتی حکوومەت، لێدوان لەدژی حکوومەت و سەرۆکی حکوومەت دەدەن. لەو چوارچێوەیەشدا د.ئاسۆ شێخ جەنگی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕووسیا، لێدوانێکی بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی داوە و ئاماژەی بەوە داوە، دەوڵەتی ڕووسیا پێی گوتوون: “ئێوە لەناوخۆی خۆتاندا ڕێکناکەون، ئیتر دەوڵەتی چی و ڕیفراندۆمی چی؟ بۆیە تا ماڵی خۆتان رێکنەخەنەوە، باسی ڕیفراندۆم و سەبەخۆیی مەکەن”. بە گوتەی ئەو، چوونی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووسیا، پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە نەبووە و ئەو وەزارەتە “هەر ئاگاداریش نەبووە”، بەڵکوو کۆمپانیایەک بانگهێشتی کردوون.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ شەممە 2\7\2016، حەیات مەجید پەرخی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “زۆر سەیرمان لێ دێت، نوێنەرایەتیی حکوومەت کە نوێنەری حکوومەتە، ئەم قسانە بکات”. گوتیشی: "ئەو نوێنەرانە لەژێر چەتری حکوومەتدا کار دەکەن، نابێت بەپێچەوانەی سیاسەتی گشتیی حکوومەت بجووڵێنەوە، بۆیە هەر هەنگاوێکی پێچەوانە لەدژی سیاسەتی حکوومەت، دەبێت ڕێوشوێنیان لەگەڵدا بگیرێتە بەر”.

بە بڕوای ئەو خانمە پەرلەمانتارە، ئەرکی حکوومەتە نوێنەرەکانی ئاگادار بکاتەوە، لەوەی لەناو حکوومەتدا کار دەکەن، ئیتر چۆن دژایەتیی حکوومەت دەکەن؟ چونکە: “نوێنەرایەتیی حکوومەت وابڵێت دەبێت خەڵکانێکی دیکە چی بڵێن؟".

پێشتریش نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران کە بەهەمان شێوە لەسەر پشکی یەکێتییە، لە چەندین کاتی جیاوازدا، دژایەتیی خۆی بۆ سیاسەتی گشتیی حکوومەت دەربڕیوە، لە دوایین هەڵوێستیشیدا، ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە تۆپبارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان کرد و گوتی: “تۆپبارانەکە بەهۆی پێشمەرگەکانی هێزێکی ڕۆژهەڵاتە”.

ئەمە لە کاتێک دایە کە لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین جەر ڕەخنەی ئەوە لە یەکێتییەکانی نێو حکوومەتی هەرێمی کوردستان گیراوە، بەوەی کە خۆیان و حزبەکەیان، نەبوونەتە بەشێک لە حکوومەت و لە کاتێکدا لە هەموو ناوەندەکانی بڕیار دان، کەچی ماوە نا ماوە لێدوانی پێچەوانەی سیاسەتی حکوومەت دەدەن.










باسنیوز
Top