لە کۆیە، نەخۆشخانەکان بۆ ئەگەری هێرشی هێزەکانی ئێران ئاگادار دەکرێنەوە

لە کۆیە، نەخۆشخانەکان بۆ ئەگەری هێرشی هێزەکانی ئێران ئاگادار دەکرێنەوە
بە پێی ئەو زانیاریەکان لە شاری کۆیە ئامێرە هەستیار و گرانبەهاکانی کێڵگەی نەوتی شیواشۆک شەوانە دەگوازرێنەوە جێگایەکی سەلامەتتر لەترسی هیرش و پەلاماری ئیران بۆ سەر حدکا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر جموجۆڵەکانی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانیی ئێران لە ڕۆژهەڵات، ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە دەکات.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حزبی دیموکراتیی کوردستان ڕایگەیاند بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتووە ئێران چەکی قورسی بۆ هێرشکردنە سەر کۆیە ئامادە کردووە و ئامادەکاریی سەربازیی تەواو بۆ لێدانی بارەگاکانی حزبی دیموکراتیی کوردستانیی ئێران کراوە کە باڵەکەی دیکەی حزبەکەی ئەو بەرپرسەیە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە گوتویەتی: ”لە هەرێمی کوردستانیش ئاگاداریی تەواو هەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی باش ئاگا لێیە و هەر یەکێتی نەخۆشخانەکانی کۆیەی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەری هێرش بۆ سەر کۆیە هەیە و ئامادەکاری بکەن“. جەختیشی لەوە کردەوە کە تەنانەت ئامادەکاری بۆ ڕاگواستنی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کۆیەوە بۆ شوێنێکی سەلامەتتر لە حاڵەتی هێرشەکەدا، کراوە.

ئەو بەرپرسەی حزبی دیموکراتیی کوردستان لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان شەوان دەبینن، گڵۆپەکانی کێڵگەی نەوتیی (شیواشۆک) دەکوژێندرێنەوە، تاوەکوو: ”ئێمە نەبینین کە چۆن ئامێر و کەرەستە گرانبەهاکانی شیواشۆک لە ترسی ئەو هێرشە لە ناوچەکە دوور دەخرێتەوە“.

هەر لەمبارەیەوە، عەمید محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە دەڵێ: ”ئێمە لە سەرووی خۆمان بە فەرمی هیچ فەرمان و ئاگادار نەکراوینەتەوە“. ڕوونیشی کردەوە، لە ناو خەڵکیدا قسە دەکرێت، بەڵام: ”قسەی خەڵک بۆ ئێمە فەرمی نییە“.

لە باشووری ڕۆژئاوای شاری کۆیە، بنکە و بارەگاکانی هەردوو باڵەکەی حزبی دیموکرات و هەزاران ماڵی کوردانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە کە لە سێ کەمپی (زەوییە سپی، ئەمیرییە و ئازادی) دابەش کراون و هەزاران ژن و منداڵیان تێدایە.





رۆژانەهەوال
Top