کەسێک خوشکەزاکەی خۆی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی دەکوژێت
دوای ئەوەی شوانێک تەرمی کەسێکی لە نزیک سنووری شارەدێی گاپیلۆن-ی سەر بە شارۆچکەی شارباژێڕ دۆزییەوە، پۆلیسی لێ ئاگادارکردەوە، لە لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادی سلێمانیش دەرکەوت کە ئەو کەسە هەمان رۆژی دۆزینەوەی تەرمەکەی کوژراوە.
بەپێی ئاسایشی سۆران بۆ تۆڕی میدیایی رووداو " کوژراو و بکوژ خەڵکی هەڵەبجەن، بکوژ دوای کوشتنی خوشکەزاکەی ئۆتۆمبێلەکەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی فرۆشتووە و ویستوویەتی بە پارەکەی بچێتە دەرەوەی وڵات".
هەر بەپێی ئاسایشی سۆران " بکوژەکە دەیویست لە سۆرانەوە بە قاچاخ بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام دەستگیرکرا و کە دەستگیریش کرا نەدەزانرا کەسێکی کوشتووە".
"بکوژ نزیکەی 4 هەزار دۆلاری پێبوو کاتێک دەستگیرکرا و زۆر شێوابوو" ئاسایشی سۆران رایگەیاند " لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەو کەسێکی کوشتووە کە خوشکەزای خۆیەتی بۆیە وا شێواوە".
رووداو
