سهرۆك بارزانی: قوتابی و گەنجەكانمان ئومێدی ئەو میللەتەن
دهقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی خولی سیوپێنجی دەرچوونی قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
مامۆستایانی بەڕێز
قوتابیانی خۆشەویست
میوان و ئامادەبووانی بەڕێز
جێگەی شانازییە ئەمڕۆ ژمارەیەك لە قوتابیانی خۆشەویستی زانكۆی سەلاحەدین بڕوانامەی دەرچوونیان بە سەركەوتوویی وەرگرتووە و خۆیان بۆ قۆناغی هەوڵدان و خزمەتكردنی وڵاتەكەیان ئامادە كردووە. بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی قوتابیانی دەرچووی ئەم خولە دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم كە ئەركی پیرۆزی پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویستیان لەسەر شانە و پێزانینم بۆ ڕۆڵ و ماندووبونیان هەیە. سوپاسی سەرۆكایەتی زانكۆ و كولیژ و بەشەكانی زانكۆی سەلاحەدین دەكەم كە سەرپەرشتیی پڕۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی قوتابیانی ئەم خولەیان بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە.
مامۆستا و قوتابیانی خۆشەویست
گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانیەوە سەرباری بوونی كۆسپ و تەحەددیات توانیویەتی خۆڕاگر بێت و قۆناغی سەخت تێبپەڕێنێت و لە سایەی قوربانیداندا دەستكەوتی گەورە مسۆگەر بكات. گەلی كوردستان قارەمانانە لەبەرانبەر پەلاماری تیرۆریستان و ئابڵۆقە و گوشاری جۆراوجۆردا وەستاوە و، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی تیرۆریستانی شكاند و جیهانی سەرسام كرد. كچان و كوڕانی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا نموونەی باڵایان لە گیانفیدایی و ئازایەتیی تۆمار كرد، كە لە جیهاندا كەموێنەیە و تاهەتایە جێگەی شانازیین.
ئێستا كوردستان بەرگری لە بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی دەكات و ئەوە پێگەی گەلەكەمانی لە ئاستی جیهان بەرز كردووەتەوە. گەلی كوردستان دۆست و هاوپەیمانی لە هەموو شوێنێكی جیهان هەیە كە پشتیوانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمانن. كاتی ئەوەیە گەلی كوردستان وەك میللەتانی تری جیهان خاوەنی سەروەری و كیانی خۆی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستی و بەرەو پێشەوە بچێت. هەر بۆیەش پێویستە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لەسەر بەها بەرزەكانی مرۆڤدۆستی و نیشتیمانپەروەری و خزمەتكردنی وڵات و بڕوابەخۆبوون گۆش بكرێن. بۆ ئەوەی بتوانین ببینە نموونەی پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و پێشكەوتن لە ناوچەكە و جیهاندا. بۆ ئەوە مەبەستە ڕۆڵی مامۆستا و قوتابیانی خۆشەویست و ئەهلی زانست یەكلاییكەرەوە و كاریگەر دەبێت.
لێرەدا پاڵپشتیی تەواوی خۆم بۆ زانكۆ و قوتابیانی كوردستان ڕادەگەیێنم. پێویستە بە هەوڵی هەموو لایەك ئاستی زانستیی زانكۆكانمان بگاتە ستانداردە جیهانییەكان. هەروەها كەرتە حكوومی و ئەهلییەكان هەلی كار و پێشكەوتن بۆ قوتابیانی دەرچوو بڕەخسێنن بۆ ئەوەی پسپۆڕی و تواناكانیان بۆ خزمەتكردنی وڵات بەكار بهێنن.
قوتابی و گەنجەكانمان ئومێدی ئەو میللەتەن. خۆشحاڵم بە سەركەوتن و دەرچوونتان و هیوای بەختەوەری و سەربەرزیتان بۆ دەخوازم.
مهسعوود بارزانی
30ـی 6ـی 2016
