میرانی: كورد گەلێكی ڕقهەڵگر نییە.. عەلەوی: لەگەڵ هەر بڕیارێكین كورد بیدات
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە نووسەر و كەسایەتیی سیاسی (حەسەن عەلەوی) دۆستی دێرینی گەلی كورد و پاڵپشتی دۆزی رەوای گەلی كورد، كرد.
وێڕای بەخێرهێنانی میوان، (فازڵ میرانی) خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و، نیگەرانیی خۆیان نیشان دا بۆ قووڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی عێراق كە گرینگە بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن كێشەكان چارە بكرێن.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی تەئكیدی كردەوە كە، لە رابردوودا كورد رووبەرووی كوشتن و ماڵوێرانی و دەربەدەری و كیمیاباران و ئەنفالكردن و بێسەروشوێنكردنی (8) هەزار بارزانی بووەتەوە، بەڵام كورد گەلێكی ڕقهەڵگر نییە و هەردەم بە لێبووردەیی وەڵامی داوەتەوە و بەردەوام هەوڵی داوە بۆ بونیادنانی عێراقێكی دیموكراتی و فیدراڵی و مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی كورد، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانی نموونەیەكی جوانی (دیموكراتی و فیدراڵی) جێبەجی بكەن و پێویستە ئێستا رێز لە ئیرادەی گەلی كورد بگیرێ، لە مافی چارەی خۆنووسین كە مافێكی رەوایە و بە ژیرانە ددان بە هەڵەكانی ڕابردوودا بنێن و بەگفتوگۆ و بە شێوەیەكی ئاشتییانە و لێكتێگەیشتن ئەم پەیوەندییەیان رێك بخرێت.
لەلای خۆیەوە، (حەسەن عەلەوی) سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و دووپاتی كردەوە كە، گەلی كورد گەلێكی قارەمانە و لە پێناو ئازادی و سەربەستیدا ئازارێكی زۆری چەشتووە و قوربانییەكی زۆری داوە، ئێمە لەگەڵ هەر بڕیارێكین كە گەلی كورد بیدات بۆ مافی چارەی خۆنووسین و ئەمن یەكەم دەبم كە پێرۆزباییتان لێ دەكەم و پشتیوانی دەكەم و، هیوای خواست ناوماڵی كورد بە زووترین كات رێك بخرێت و خۆ ئامادە بكات بۆ هەر ئەگەرێك.
لە كۆتاییدا (فازڵ میرانی) ستاییشی هەڵوێستەكانی ڕووناكبیر و نووسەر (حەسەن عەلەوی) كرد بۆ پشتیوانی بەردەوامیان لە گەلی كورد و دۆزەكەی.
KDP
