١٤٥٠ سكاڵا بەرز كراوەتەوە هیچیان دژی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە نەبوون

١٤٥٠ سكاڵا بەرز كراوەتەوە هیچیان دژی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە نەبوون
دوای هێرشەكانی داعش، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سوننەنشینەكانی ناوچەكانی تكریت، فەلوجە و ئەنبار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لەوانەیش ئێستا نزیكەی شەش هەزار خێزانی عەرەبی سوننە روویان لە ناوچەكانی كەلار و كفری كردووە و بەشێكی زۆریان لە كەمپەكان نیشتەجێ كراون.

(د. دیندار زێباری)، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، ئێستا لە دەڤەری گەرمیان نزیكەی (١٢٠٠) خانەوادەی ئاوارەكان لە ناحیەی (كۆدۆ) نیشتەجێن، هەروەها لە (قورەتوو) و (تازەدێ) دوو كەمپ دامەزراون بۆ پێشوازیكردن لەو راگوێزراوانەی روویان لەو ناوچەیە كردووە، هەروەها جگە لە راگوێزراوە عەرەبەكان نزیكەی (١٠٠) خانەوادەی كوردانی رۆژهەڵاتیش لەم ناوچەیە نیشتەجێن و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم پێشوازیی لێ كردوون و هاوكارییان كردوون.

(زێباری) ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە میلیشیاكان لە ناوچەكە رۆڵێكی نەرێنییان هەیە بە تایبەتی لە بابەتی تێكدانی خانووی هاووڵاتیانی ناوچەكە بە بێ جیاوازی و لەم بارەیەوە گوتی: "بوونی میلیشیاكان لە جەلەولا، بووەتە هۆی بێزاربوونی خەڵكی ئەو شارە بە تایبەتی ئەو هێزە چەكدارانەی كە سەر بە سوپای عێراقی نین و ناسنامەیان دیار نییە، ئەمانە خانوو و شوێنە بازرگانییەكان و دوكانی هاووڵاتیانیان وێران كردووە دواتر سووتاندوویانە، ئەم رەفتارانەیش نیگەرانییەكی لای خەڵكی شارەكە دروست كردووە بە پێكهاتە جیاوازەكانییەوە بۆیە تا ئێستا زیاتر لە (١٤٥٠) سكاڵا بە تۆمەتی تێكدانی خانووی هاووڵاتیان بۆ دادگا بەرز كراوەتەوە كە هیچیان دژی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە نەبوون".

سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان زیاتر گوتی: "هاوكات بەشێكی زۆری خانووی هاووڵاتیانی جەلەولا لە ئەنجامی شەڕدا وێران بوون و هەندێكی دیكەیش لەلایەن داعشەوە تێك دراون، بە تایبەتی خانووی كارمەندانی حكوومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنییەكان، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەن و بۆ ئەم مەبەستەیش بەرنامەیەكیان داناوە و لەو گەڕەكانەوە دەست پێدەكەن كە كەمترین زیانیان پێ كەوتووە، بۆیە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی شارەكە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان".

سەبارەت بە هاوكاریكردنی راگوێزراوانی ناوچەكە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، (دیندار زێباری) گوتی: "حكوومەتی هەرێم باوەشی بۆ عەرەبە ڕاگوێزراوەكانی ناوچەكە كردووەتەوە، لە بەرانبەردا حكوومەتی ئیتیحادی هەڵوێستی نەرێنی بووە، تەنانەت ئەو هاریكارییەی بۆ راگوێزراوانیش دێت نایگەیەنێتە دەست راگوێزراوەكان، بۆیە راگوێزراوەكان داوا دەكەن كە هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان لە رێگای حكوومەتی هەرێمەوە بەسەریاندا دابەش بكرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی یەكسان بگاتە دەست هەموو راگوێزراوەكانی ناوچەكە".











KDP
Top