لە شنگال پێشمەرگە هێرشێکی داعشی تێکشکاند

 لە شنگال پێشمەرگە هێرشێکی داعشی تێکشکاند
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، هێرشێکی چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعشیان تێک شکاندووە.



خەلیل شڤان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕاگەیاند، سەعات 4:20 دەقیقەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 30\6\2016، چەکدارانی داعش هێرشێکیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە میحوەری (هەمدان)ی سەر بە شاری شنگال، بەڵام پێشمەرگە بە توندی ڕووبەڕوویان بووەوە و هێرشەکەی تێکشکاندن.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی تێکشکاندنی هێرشەکەدا، زیانێکی گەورە بەر داعش کەوتووە و فڕۆکە جەنگییەکانیش سێ هێرشیان بۆ سەر ئەو هێزەی داعش ئەنجام داوە کە لە هێرشەکەدا بەشدار بوون. گوتیشی: ”ئێستاش تەرمی ژمارەیەک لە تیرۆریستەکان لە مەیدانی شەڕدا جێ ماوە“.



بەپێی زانیارییەکان، هاوکات لەگەڵ هێرشەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، بنکەکانی داعشیان لە گوندەکانی (قابووسی و ڕامبووسی) لە سنووری شنگال بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆریان بە داعش داوە.








باسنیوز
Top