سەرۆكی شارەوانی رواندز پۆستەكەی بەجێهێشت

سەرۆكی شارەوانی رواندز پۆستەكەی بەجێهێشت
سەرۆكی شارەوانی رواندز، بۆ جاری سێیەم دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد‌و ئەمڕۆ چوارشەممە، بەیەكجاری پۆستەكەی بەجێهێشت.

دەستلەكاركێشانەوەكەی سەرۆكی شارەوانی رواندز لەچەند رۆژی رابردوودا بووە‌و ئەمڕۆ ماڵئاوایی لەفەرمانبەرەكانی كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر‌و لەدوو كاتی جیاوازدا دەستی كێشاوەتەوە‌و قبوڵ نەكراوە.

عیسا مەمەندەرەش وت "بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەم داوە بەوەزارەتی شارەوانی‌و ئەمڕۆ كۆتا رۆژی دەوامم بوو".

هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی گەراندەوەی بۆ ئەوەی كاتێك پۆستەكەی وەرگرتووە، بڕیاری ئەوەیداوە دوای چوار ساڵ وازبهێنێت.

وتی "ئەوەش باشە كە لەهەرێمی كوردستان ببێتە نەریتێك كەس لە چوار ساڵ زیاتر بەرێوەبەر نەمێنێت، ئێستاش لەسەر بریاری خۆمم چونكە بەراستی هیچ كەس ناتوانێت زیاتر لە چوار ساڵ خزمەت بكات".

سەرۆكی شارەوانی رواندز، باسی لەكەموكوریەكانی ناوچەكەی كرد‌و دەڵێت لەماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتیدا، نەیتوانیوە یەك كارمەند دابمەزرێنێت‌و تەنیا 30 كارمەندیان هەیە، ئەوەش كەمە بەراورد بەشارەوانیەكانی تر، جگە لەوەش هیچ ئامێرێكیان نیە لەشارەوانی.

هەروەها لەبارەی خزمەتگوزاریەكانی حكومەت بۆ رواندز رازی نەبوو، هەرچەندە بەوتەی ئەو، هەوڵی زۆریش دراوە بەلام ئەنجامی نەبووە.

لەسنوری سۆران بەهەرچوار قەزاكانی سۆران‌و رواندزو مێرگەسۆرو چۆمان، نزیكەی 30 شارەوانی هەیە.
Top